بایدن: دەبێت ئەسەد رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی کەوتنی بەشار ئەسەد دەڵێت، "ئەمە ساتێکی مێژووییە بۆ سووریا" بۆ ئەوەی داهاتوویەکی رووناکتریان هەبێت. دەشڵێت: "ئەسەد پێویستە رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێتەوە."

رۆژی یەکشەممە، 08-12-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دۆخی سووریا گوتی: "ئێستا گەلی سووریا دەرفەتێکی مێژووییان هەیە بۆ ئەوەی داهاتوویەکی روونتر بنیات بنێن. دەبێت ئەسەد رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێتەوە."
 
بایدن ئەسەدی بە "دیکتاتۆرێکی دڕندە" وەسفکرد و گوتی: "هەزاران سڤیلی بێتاوانی کوشت."
 
بەرەبەیانی یەکشەممە، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام بە چەکی سووک و مامناوەند، پەرژینی شاری دیمەشقی پایتەختی سووریایان بڕی و حکومەتی بەشار ئەسەد رووخا.
 
بایدن گوتی: "بەشێک لەو گرووپانەی کە رژێمی ئەسەدیان رووخاند، مێژووی تیرۆر و پێشێلکاریی مافی مرۆڤیان هەیە. بەگوێرەی رەفتار و گوفتارەکانیان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەین."
 
12 رۆژ بەس بوو بۆ چەکدارەکان بۆ ئەوەی دەستیان بگاتە نێوجەرگەی شاری دیمەشق، هێرشی گرووپەکان لە 25-11-2024 دەستی پێکرد و حەلەب یەکەم شار بوو کە کۆنتڕۆڵیان کرد.
 
بایدن کە تاوەکو 20-01-2025ـی وەکو سەرۆکی ئەمریکا بەدەستەوە ماوە گوتی: "ئەسەد دەبێت رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو جۆرە حوکمڕانییەی لە سووریا کردی."
 
لەبارەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا، بایدن دڵناییدا، هەێزەکانیان لەوێ دەمێننەوە بۆ ئەوەی لە نەگەڕانەوەی داعش دڵنیابن.
 
ئەحمەد شەرع کە زیاتر بە ئەبو محەممەد جۆلانی دەناسرێت، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)یە و لەدایکوبووی 1982ـە. ئەمڕۆ لە مزگەوتی ئومەوی لە دیمەشق گوتی: "سەرکەوتنی ئەمڕۆ مێژوویەکی نوێیە بۆ ئومەی ئیسلامی. سووریا کرابووە کارگەی کیپتاگۆن. ئەمڕۆ، سووریا بە پشتیوانیی خوای گەورە و بە هەوڵ و هیمتی برا موجاهیدەکانتان، بە خوێنی شەهیدەکان، بە نزای بێوەژنان و منداڵە بێ دایک و باوکەکان لەم هەموو بەڵایە پاک و خاوێن دەبێتەوە."
 
گرووپەکە رایانگەیاندووە حکومەتێکی راگوزەر پێکدەهێنن، لەوبارەوە بایدن گوتی، لەگەڵ هەموو گرووپە سووریاییەکان لە پەیوەندیدا دەبن، "بەتایبەت لەڕێگەی ئەو پرۆسەیەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکردایەتیی دەکات، تاوەکو وڵاتەکە لە رژێمی ئەسەدەوە بەرەو سووریایەکی سەروەر، سەربەخۆ و خاوەن دەستوور هەنگاو بنێت."
 
دوای گرتنی شاری دیمەشق، پرسیاری سەرەکی لەبارەی شوێنی بەشار ئەسەد بوو. دواتر، میدیای رووسیا لە زاری بەرپرسێکی کرێملن گوتی: "ئەسەد و ماڵباتەکەی لە مۆسکۆن. رووسیا مافی مانەوەیانی پێبەخشیوە."
 
ئەو بەرپرسە راشیگەیاند: "گرووپە چەکدارەکان گەرەنتییان داوە، کە بنکەی سوپای رووسیا لە سووریا و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانمان پارێزراو دەبن."