وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: پێویستە دڵنیایی لە سەلامەتی کوردانی سووریا بدرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، پێویستە دڵنیایی لە پاراستنی سەلامەتیی کوردەکانی سووریا بدرێت و رێگری لە هێرشی ئیسلامییە پەڕگیرەکان بۆ سەریان بکرێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 8ی کانوونی یەکەمی 2024، گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و یان لیپاڤسکی، وەزیری دەرەوەی چیک پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان سەبارەت بە دۆخی سووریا کرد.
 
لەو بارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە، گفتوگۆیان سەبارەت بە پاراستنی کوردانی سووریا کرد. دەشڵێت، "پێویستە دڵنیایی لە پاراستنی سەلامەتیی کەمینە کوردەکانی سووریا بدرێت".
 
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، "کوردەکانی سووریا رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە." جەخت لەوەش دەکاتەوە، "کوردەکان ئازایانە شەڕیان دژی داعش کرد و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دڵنیایی پاراستنیان لە هێرشی ئیسلامییە پەڕگیرەکان بدات".
 
ئەو نووسینەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپۆزسیۆن و میدیای فەرمی سووریا رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەدیان راگەیاند.
 
بەپێی لێکدانەوەکان، نزیکەی 2.5 ملیۆن هاونیشتمانیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەژین و زۆرینەیان لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێن.