رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سەربازیی منبج لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی شەڕ لە سنوورەکە رایگەیاند، شەڕڤانەکانیان دژی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بەردەوامن لە شەڕکردن. راشیگەیاندووە: "بەو هێرشانە لەنێو ناچین".
ئەنجوومەنی سەربازیی منبج کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە، لەبارەی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەوە ئەمڕۆ یەکشەممە 08-12-2024 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە 12 رۆژی رابردوودا گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیای داگیرکەر بە پشتیوانیی ئاسمانیی ئەو وڵاتە دەیان هێرشیان دژی هەرێمی منبج و گوندەکانی کردووە، هەموو هێرشەکان لەلایەن هێزەکانمانەوە تێکشکێندراون".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئێستا لە قۆڵەکانی تاخۆر، عەین دابات، عەرەب حەسەن و ئەریمادا لەنێوان شەڕڤانەکانمان و چەتەکاندا شەڕێکی سەخت هەیە".
ئەنجوومەنی سەربازیی منبج دەڵێت، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ گرووپێک چەکدار بە پشتگیریی ئاسمانیی سوپای تورکیا و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، "لە سنووری باشووری منبجەوە پێشڕەوییان کردووە و ویستیان گوشاری دەروونی دروست بکەن، بەڵام کەوتنە کەمینی هێزەکانمانەوە. هەروەها هەندێک شانەی شاراوەیان بە ئامانجی دروستکردنی گوشاری دەروونی و ترس بڵاو دەکەنەوە. ئێستا لە باشووری منبجەوە شەڕە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەنجوومەنی سەربازیی منبج بۆ پاراستنی ناوچەکە لە تیرۆر بە هەزاران قوربانی داوە، دژی چەتەکانی داعش خەباتی کردووە، بەم هێرشانە لەنێو ناچێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ