رووداو دیجیتاڵ
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) دەڵێت، هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی سووریا دەمێننەوە.
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیدا رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەکەن.
دانیێل شەپیرۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆڕبەندی گفتوگۆی مەنامەی ئەمنیدا لە پایتەختی بەحرێن گوتی: "واشنتن هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش" لە سووریا.
بەرپرسەکە هەروەها باسی لەوە کرد، "ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی سووریا دەمێنێتەوە،" گوتیشی: "ئێمە دەزانین کە دەکرێت دۆخی پەشۆکاو و شلەقاوی سووریا دەرفەت بە داعش بدات بتوانێت چالاکی بکات و پلان بۆ هێرشی دەرەکی دابنێت."
شەپیرۆ هەروەها داوای پاراستنی خەڵکی سڤیل، بە تایبەتی پێکهاتە کەمینەییەکان کرد.
یەکێک لەو کەسانەی رۆڵی سەرەکیی لە هێرشی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆندا هەبوو، ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)ـیە کە لە لایەن ئەمریکاوە بە تیرۆرست پۆڵێنکراوە و 10 ملیۆن دۆلاری وەکو خەڵات بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی جۆلانی دیاریکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ