هاکان فیدان: ئامادە نین گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە بکەین، مەگەر خۆیان بگۆڕن
رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە رووداوی راگەیاند، ئامادە نین گفتوگۆ لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکەن، "مەگەر خۆیان بگۆڕن."
لە وەڵامی پرسیارێکی نوێنەر فاتیح، نێردراوی رووداو لە دەوحە، فیدان رەتیکردەوە وەک بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدەدا بکەن.
هاکان فیدان دەشڵێت: "ناکرێت هیچ لقێکی پەکەکە لە سووریا بە هاوبەشێکی رەوا دابنرێت و هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ بکرێت، چونکە ریزەکانیان پڕن لە شەڕکەری تیرۆرستی نێودەوڵەتی."
ئەوە لە کاتێکدایە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لە لایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت. لە ماوەی شەڕی نێوخۆی سووریادا، تورکیا و گرووپە چەکدارە سووریاییەکانی نزیکی، سێ جار لەشکرکێشییان کردە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و بەشێکیانی کۆنترۆڵکردن.
هاکان فیدان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا لە پەراوێزی کۆڕبەندی دەوحە بە رووداوی گوت: "ئەندامانی پەکەکە خەڵکی تورکیا، عێراق و ئێرانن، ئەوان سووری نین. ناسووریاییەکان ئەو شتە بەڕێوەدەبەن کە ناونراوە هەسەدە. هەموو کەسێکیش ئەمە دەزانێت. ئەمە راستییەکی ئاشکرایە."
تورکیا پشتیوانی لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکات. ئەو گرووپانە لە 27ـی تشرینی دووەم دەستیان بە هێرشێکی کتوپڕ و خێرا کرد بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆتنرۆڵی حکومەتی بەشار ئەسەد و کۆنترۆڵیانکردن. ئەمڕۆ یەکشەممە، رووخانی حکومەتی ئەسەد و هەڵاتنی بۆ دەرەوەی سووریا راگەیێنرا.
لە بەشێک لەو ناوچانەی کە سوپای سووریا کشایەوە، هەسەدە کۆنترۆڵیکردن، بە دیاریکراوی لە دێرەزوور. بە گوێرەی هەسەدە، هێزەکانیان لە دوێنێوە لە چەندین بەرەوە رووبەڕووی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا بوونەتەوە.
لە بارەی ئەوەی کە ئایا ئامادەن وەک بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە بکەن، هاکان فیدان بە رووداوی گوت: "بە کورتی دەڵێم نەخێر، مەگەر خۆیان بگۆڕن."
دەقی پرسیار و وەڵامەکەی رووداو لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا
رووداو: "تۆ گوتت پێویستە ئۆپۆزسیۆن هەموو لایەنەکانی سووریا لەخۆبگرێت. هەسەدەش خۆی بە ئۆپۆزسیۆن دادەنێت. تورکیاش هەڵوێستی خۆی هەیە بەرامبەریان. ئایا لە ژێر هیچ هەلومەرجێکدا پێتوایە دانوستاندن لە نێوان هەسەدە و تورکیادا بکرێت؟ ئێوە هەسەدەتان وەک ئۆپۆزسیۆن پێ قبوولە؟"
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا: "ژمارەیەک پارتی ئۆپۆزسیۆنی رەوای کوردی لە سووریا هەن کە ئێمە لە سووریا و باکووری سووریا لەگەڵیان کارمانکردووە و بۆ ماوەیەکی درێژ بەشێک بوون لە ئۆپۆزسیۆنی فراوانی سووریا. بەڵام ناکرێت هیچ لقێکی پەکەکە لە سووریا بە هاوبەشێکی رەوا دابنرێت و هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ بکرێت، چونکە ریزەکانیان پڕن لە شەڕکەری تیرۆرستی نێودەوڵەتی. ئەندامانی پەکەکە خەڵکی تورکیا، عێراق و ئێرانن، ئەوان سووری نین. ناسوورییەکان ئەو شتە بەڕێوەدەبەن کە ناونراوە هەسەدە. هەموو کەسێکیش ئەمە دەزانێت. ئەمە راستییەکی ئاشکرایە. بۆیە بە کورتی دەڵێم نەخێر، مەگەر خۆیان بگۆڕن."