رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند لەمەودوا هاوئاهەنگیی ئەنقەرە و بەغدا لە بابەتی سووریادا گرنگە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 8-12-2024) لە دەوحەی پایتەختی قەتەر سازیکرد، هاکان فیدان سەبارەت بە هەڵوێست و تێڕوانینی ئەنقەرە بۆ دۆخی سووریا و هۆکارەکانی ئەم دۆخەی ئێستا قسەی کرد.
هاکان فیدان گوتی "تورکیا، ساڵانێکی زۆرە لەپێناو یەکێتی و پێکەوەیی سووریا ئەوەی لەدەستی بێت، کردوویەتی. بەتایبەتی لەو چەند مانگەی رابردوودا سەرۆککۆمارمان لەسەر بنەمای بینینی ئەو جموجۆڵەی ئێستا، هەنگاوی نا، بەڵام لەلایەن رژێمی سووریاوە رەتکرایەوە. بەداخەوە ئەمە پێشهاتەکانی گەیاندە ئەم قۆناخە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها گوتی "ئێستا ئۆپۆزیسیۆن شامی کۆنترۆڵکردووە، رژێمی ئەسەد رووخاوە، ئەسەد وڵاتەکەی جێهێشتووە. ئێمە ئێستا و لەمەودوا بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی سووریا و پاراستنی یەکێتی، پێکەوەیی و ئاسایشی سووریا، بیر لەوە دەکەینەوە چی بکەین."
داهاتووی سووریا و هەنگاوی دوای رووخانی ئەسەد یەکێکی دیکە بوو لەو تەوەرانەی هاکان فیدان باسی کرد و گوتی "عێراق و تورکیا کە دوو وڵاتن سنووری درێژیان لەگەڵ سووریادا هەیە، هاوئاهەنگیی ئێمە زۆر گرنگە. هەروەها ئوردن، عەرەبستانی سعودی و قەتەر لەم بابەتەدا زۆر گرنگن بۆ ئێمە و لەگەڵیاندا بەردەوام دەبین لە کارەکانمان. لەگەڵ ئەمریکاش بە هەمان شێوە کاردەکەین، بەتایبەتیش هەستیارییەکانمان لەبارەی تیرۆریزم و ئاسایش بە ئەوان دەگەیێنین."
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها هیوای خواست لە چەند رۆژی داهاتوودا خەڵکی سووریا پێشهاتی باش لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەیانەوە ببیستن و جەختیشی کردەوە "ئەنقەرە بە جددی دەستی بە کارەکانی لەمبارەیەوە کردووە."
رۆژی یەکشەممە، 8-12-2024 دەستەی تەحریری شام و هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رووخانی بەشار ئەسەدیان راگەیاند.
هاوکات، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە ژمارەیەک ئەفسەری باڵای سوپای سووریا پێیانڕاگەیاندووە ئەسەد بە فڕۆکە دیمەشقی جێهێشتووە، هیچ هێزێکی سوپاش لە دیمەشقی پایتەختدا بڵاوەیپێنەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ