رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێکی کورد لە قامیشلۆ دەڵێت، سەرجەم هێزەکانی ''رژێمی سووریا'' لە پارێزگای حەسەکە خۆیان رادەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد، گوتیشی، ''پێشبینی دەکەین پارێزگاری حەسەکەش خۆی رادەستی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کردبێت.''
ئەمڕۆ یەکشەممە 8-12-2024، خالید جەبر، پارێزەر لە قامیشلۆ، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''ئەمڕۆ حەسەکە دوای 53 ساڵ داگیرکاری و لێدان لە زمانی کوردی، لەدەست رژێمی ستەمکار رزگاری بوو.''
خالید جەبر گوتی: ''دوای کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەشی زۆری هێزەکانی رژێم لە قامیشلۆ و حەسەکە خۆیان رادەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد، ژمارەیەکی کەمیان مابوون کە ئەوانیش دوای کاژێر 06:00، خۆیان بە چەکەکانیانەوە رادەست کرد.''
ئەو پارێزەرە کوردە ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا فڕۆکەخانەی قامیشلۆ کەوتووەتە دەست هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئاڵای ئەوانی لێهەڵدراوە و هێزیان لێ جێگیر کردووە.
بەگوتەی خالید جەبر، لە هەردوو شاری قامیشلۆ و حەسەکە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزە ئەمنییەکانی، بە باشی رێکاری ئەمنیی گیراوەتەبەر و لە سەرجەم شەقام و گەڕەکەکان هێزی ئەمنی جێگیرکراون.
ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەڕوو، دۆخی ئەمنی لە پارێزگای حەسەکە بە تەواوی ئارامە و ''بە گشتی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئامادەکاریی ئەمنیی باشیان تێدا کراوە''.
شاری حەسەکە ناوەندی پارێزگای حەسەکەیە. خالید جەبر لەبارەی باڵەخانەی پارێزگا گوتی، ''کاژێر 06:00ـی بەیانی، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەردا گرتووە و بەگشتی هەموو ئەو دامەزراوە و شوێنانەی کە رژێمی سووریا تێیدا جێگیر بوو، ئێستا لە دەست هێزەکانی سووریای دیموکراتدان.''
ئەو پارێزە ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا دیار نییە کە پارێزگاری حەسەکە بۆ کوێ چووە، ''بەڵام بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئێمە، خۆی رادەستی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کردووە.''
خالید جەبر لەبارەی چارەنووسی ئەو کەسانەی کە خۆیان رادەستی هەسەدە کردووە دەڵێت: ''ئەم بابەتە گرێدراوە بە هێزە ئەمنییەکان و داهاتووی سووریا. ئەو کەسانە ستەمێکی زۆریان لە خەڵک کردووە، رادەستی دادگە دەکرێن و خوازیارین دادپەروەری لە سووریا لەبەرچاو بگیرێت، بەگشتی لە 13 ساڵدا نزیکەی ملیۆنێک هاووڵاتیان کوشت.''
پێشتر لە ساڵی 2018، دوای هێرشی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان زێدی خۆیان لە عەفرین و سەرێکانی جێهێشت کە دواتر عەرەبی هاوردە هێنرانە سەر ماڵ و زەوییەکانیان.
ئەو پارێزەرە گوتی: ''پێویستە خەڵکی ئێمە بگەڕێنەوە شارەکانی خۆیان، دەبێت ئەو ناوچانە دوور بن لە داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا و ساختەکاری.'' گوتیشی: ''هێنانی عەرەب لە ئیدلب و درعا بۆ عەفرین و سەرێ کانی، بە مەبەستی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە بوو، دەبێ ئەوانیش بگەڕێنەوە ناوچەی خۆیان، ئێمە چاودێریی دۆخەکە دەکەین.''
رۆژی هەینی 06-12-2024، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئێمە دەمانەوێت کێشەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین. بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکەش هەوڵدانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و رووسیاش هەیە".
خالید جەبر پێیوایە، ''بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ هەر لایەنێک ئامادەی دیالۆگە، بەڵام دەوڵەتی تورک لە رۆژئاوا، باکوور و باشوووری کوردستان دوژمنێکی مێژوویی کوردە، هیچ کات رێگەی دیالۆگ لەگەڵ کورد قبووڵ ناکات.''
دوای 13 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ و 24 ساڵ لە دەسەڵاتداریی بەشار ئەسەد، ئەمڕۆ بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە، "رووخانی بەشار ئەسەد"ـیان راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ