رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت: چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی نزیک لە تورکیا، خەریکە دەبنە بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ عەفرین.
دەشڵێت، "تائێستا نزیکەی 200 ئاوارە دەستگیرکراون."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سەرەتای ئەم مانگەوە نزیکەی 2000 خێزانی کوردی ئاوارەی حەلەب و دەوروبەری گەڕاونەتەوە عەفرین و پڕۆسەکەش بەردەوامە و ئێمەش بەردەوام هاوکارییان دەکەین."
ئەحمەد حەسەن گوتی: "کێشەیەک هەیە کە خەریکە دەبێتە بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان، ئەویش چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی نزیک لە تورکیان." بە گوتەی ئەو، "لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن بە بیانووی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ پەیەدە نزیکەی 200 ئاوارەی گەڕاوەیان دەستگیرکردووە، لەکاتێکدا سەرجەمیان سڤیلن و هیچکام لەوان سیاسیی نەبوون."
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە دەشڵێت، "ئەو چەکدارانە جگە لە دەستگیرکردنی بەشێکی زۆری هاونیشتمانیان؛ ماڵ و موڵکیشیان تاڵان دەکەن و خەڵکیان تووشی هەژاری کردووە."
لەبارەی رووداوەکانی ئەمڕۆ و رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، ئەحمەد حەسەن گوتی، "خەڵکی عەفرین زۆر دڵخۆشن و رۆژێکی مێژوویی زۆر گرنگە، ئەمڕۆش ئێمە وەکو ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە، بڕیارمانداوە شیرینی بەسەر هاونیشتمانیان و خەڵکی عەفرین دابەش بکەین."
لە ساڵی 2018ـەوە زیاتر لە 200 هەزار ئاوارەی شاری عەفرین لە ناوچەکانی شەهبا و تەلرەفعەتی باکووری حەلەب لە کەمپی ئاوارەکاندا دەژین و بێجگە لە رەققە، ژمارەیەکیشیان جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە بۆ عەفرین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ