بەهۆی هێرشێکی داعشەوە 30 سەرباز و چەکداری سووریایی کوژران

رووداو دیجیتاڵ 

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، لە ئەنجامی زنجیرە هێرشێکی داعش بۆ سەر چەند خاڵێکی پشکنین و بنکەیەکی سەربازی 30 سەرباز و چەکدار لە سووریا کوژراون.
 
رۆژی چوارشەممە، 8-11-2023، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، "لە ئەنجامی زنجیرە هێرشێکی چەکدارانی داعش لە بیابانی سووریا بۆ سەر چەند خاڵێکی پشکنین و بنکەیەک، چوار سەرباز و 26 چەکداری هێزی بەرگریی نیشتیمانی کوژران."
 
روانگەی سووری ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێرشەکان لەنێوان رەقە، حومس و دێرەزور روویانداوە،" رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری روانگەکەش دەڵێت، "چەند کەسێک برینیان سەختە، بۆیە لەوانەیە ژمارەی کوژراوان بەرزببێتەوە."
 
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، فڕۆکەی رووسی ئەو چەکدارانەی داعشیان کردووەتە ئامانج و ژمارەیەکی لێ کوشتوون، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەیان بڵاونەکردووەتەوە.
 
رامی عەبدولرەحمان هەروەها چەند رۆژێک پێشتر رایگەیاندبوو، داعش لە پارێزگای رەقە 10 کەسی کوشتووە.
 
مانگی ئابی ئەم ساڵ، روانگەی سووری رایگەیاند، لە بۆسەیەکی داعش لە بیابانێکی نزیک مەیادین سەر بە پارێزگای دێرەزوور بۆ پاسێکی سەربازی، 33 سەرباز کوژران.
 
هەر لەهەمان مانگدا، داعش هێرشی کردە سەر کاروانێکی تەنکەری نەوت کە لەژێر پاراستنی سوپای سووریا بوو، حەوت کەسیان لێ کوشتن کە دووانیان سڤیل بوون.
 
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014دا رووبەرێکی زیاتر لە 240 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی کۆنترۆڵ کرد  کە لە نێوان سووریا و عێراق بوو، رێکخراوەکە تووشی شکستی یەک لە دوای یەک لە هەردوو وڵاتدا بوو تا لە ساڵی 2019دا سەرجەم ناوچەکانی لە ژێر دەست دەرهێندرا.
 
لەدوای لەدەستدانی سەرجەم ناوچەکانی کۆنترۆڵکردنی، چوار لە سەرکردەکانی رێکخراوەکە کوژراون کە دوایینیان ئەبولحوسێنی قوڕەشییە کە لە پێکدادانەکانی باکوری رۆژئاوای سووریا کوژرا.
 
ساڵی 2011 دوای چەند زنجیرە خۆپێشاندانێک، شەڕی نێوخۆی سووریا دەستی پێکرد و تائێستا زیاتر لە 500 هەزار کەس لەو شەڕە کوژراون و نزیکەی نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکەش سووریایان جێهێشتووە.
 
دوای دەستوەردانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان، پاشان رووسیا لە 2015 حکومەتی سووریا توانیی دوو لەسەر سێی خاکەکەی کۆنتڕۆڵ بکاتەوە دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر بەشێکی زۆری سووریادا گرت.