لە هێرشێکدا بۆ سەر دیمەشق 7 کەس کوژران


رووداو دیجیتاڵ 

میدیای فەرمیی سووریا دەڵێت، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر دیمەشق و بەو هۆیەوە 7 کەس کوژراون کە یەکێکیان منداڵە و 11 کەسیش بریندار بوون. 
 
میدیای فەرمیی سووریا ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکە بۆ سەر باڵەخانەیەکی نیشتوجێبوون لە گەڕەکی مەزە بووە کە ژمارەیەک باڵیۆزخانەی تێدایە.
 
چەند گرفتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە کە تێیاندا دەردەکەوێت، زیاتر لە 20 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە. 
 
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیل هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەداوە، بەڵام لە ساڵی 2011ـەوە کە شەڕی نێوخۆی سووریا هەڵگیرسا، ئیسرائیل دەیان جار هێرشی کردوەتە سەر سووریا. 
 
بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، رێگە نادەن ئێران و هێزە نزیکەکانی وەک حیزبوڵڵا لە سووریادا پێگەیان بەهێز بێت، بەتایبەتی لەو شوێنانەی نزیکە لە بەرزاییەکانی گۆلانەوە کە بەشی زۆری لەژێر دەسەڵاتی سوپای ئیسرائیلدایە.