رۆژنامەڤانێکی عەلەوی: نزیکەی 1700 عەلەوی لە شەڕی دوو رۆژی رابردووی سووریا دا کوژراون

08-03-2025
مالیک محەممەد
کینان وەقاف، رۆژنامەڤانی عەلەوی.
کینان وەقاف، رۆژنامەڤانی عەلەوی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژنامەڤانێکی عەلەوی خەڵکی سووریا دەڵێت: "هێزەکانی دەسەڵات گوندەکانمان تاڵان دەکەن و خراپترین وشە بەرامبەرمان بەکاردێنن"؛ دەشڵێت، لەنێو هێزەکانی دەسەڵاتدا چەکداری چیچانی و داعش هەبوون. سەرۆکی کاتیی سووریاش دەڵێت، ئەوانەی هێرشی سەر کەسانی سڤیلیان کردووە رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە. 
 
ئەمڕۆ شەممە، 8ـی ئاداری 2025، کینان وەقاف، رۆژنامەڤانی عەلەوی لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری دووبەی ئیماراتەوە قسەی کرد و رایگەیاند: "دۆخەکە ئێستا تاوەکو رادەیەک لە سنووری لازقیە ئارامە، بەڵام بەداخەوە هەزاران قوربانی هەن. بەگوێرەی ئاماری بەردەستمان، لە گوندەکانی لازقیە بە گشتیی نزیکەی هەزار و 700" کەس کوژراون؛ ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵک تەنانەت ناتوانن کوژراوەکانیان بەخاک بسپێرێن، چونکە رێگەیان پێنادرێت.
 
کینان وەقاف دەڵێت: "ئەو هێز و گرووپانەی هێرشیان کردە سەر عەلەوییەکان خۆیان گرتەی ڤیدیۆییان تۆمارکردووە، کاتێک گوندەکانمان تاڵان دەکەن و دەڵێن عەلەوییەکان بەرازن. هێرشکارەکانیش گرووپی چیچانی و داعشن کە ئاڵای داعش لەسەر شانی چەپیان بوو". 
 
لەبارەی گەیاندنی دەنگیان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەو رۆژنامەڤانە عەلەوییە گوتی: "گرتەی ڤیدیۆیی تاوانکارییەکانمان بۆ رێکخستنی مرۆیی لە ئەورووپا و نەتەوەیەکگرتووەکان و چەند وڵاتێکی عەرەبی ناردووە کە داوامان کردووە هۆڵۆکۆستی عەلەوییەکان رابگیرێت، چونکە هۆڵۆکۆستی جووەکان و کۆمەڵکوژی هەڵەبجەمان بیردێنێتەوە". 
 
سەبارەت بە کوشتنی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە هێرشەکاندا، کینان وەقاف گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەبەردەست نییە کە جگە لە عەلەوییەکان پێکهاتەی دیکە کوژرابن. ئەوان ئەو گوندانەیان هەڵبژاردووە کە عەلەوییەکان تێیاندا نیشتەجێن. چەند کریستیانێک کوژرابوون و دوایی داوای لێبووردنیان کرد و گوتیان بە هەڵە بووە."
 
لە لایەکی دیکەوە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بەڵێنیدا هێزەکانی دەسەڵاتەکەی هاووڵاتییانی سڤیل بپارێزن و گوتیشی: "هەر کەسێک زیان بە هاووڵاتییانی سڤیل بگەیێنێت، رووبەڕووی سزایەکی تووند دەبێتەوە." 
 
ئەو رۆژنامەڤانە عەلەوییە رەتیدەکاتەوە عەلەوییەکان دەستیان بە شەڕەکە کردبێت و دەڵێت: "چەکدارانی سەر بە دەسەڵات بوون هاتن و ویستیان کەسێک دەستگیربکەن کە لە فەیسبووک رەخنەی لە جۆلانی گرتبوو. خەڵکیش ناڕەزایی لەسەر ئەوە دەربڕی و خۆپێشاندان کرا، دوای ئەوە گرژیی دروستبوو و هێرشیان بۆ سەر عەلەوییەکان دەستپێکرد."
 
ئەحمەد شەرع،  شەوی رابردوو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، بەشێک لە پاشماوەکانی رژێمی پێشوو هەوڵیاندا سووریای نوێ تاقیبکەنەوە، بەڵام "سووریا یەک و یەکگرتووە لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا و لە باکوورەوە بۆ باشوور."
 
سەرۆککۆماری سووریا گوتیشی، "ئەگەر دڕکێک بە پارێزگایەکی سووریادا بچەقێت، هەموو پارێزگاکانی دیکە بۆی هەڵدەستن".
 
ئەحمەد شەرع باسی لەوە کرد، لە سووریای ئەمڕۆدا هیچ جیاوازییەک لەنێوان دەسەڵات و گەل نییە، ئەو وڵاتە بۆ هەمووان گرنگە و واتای بۆ هەمووان هەیە و "نابێت ترس لەسەر وڵاتێک هەبێت کە خاوەن ئەم جۆرە گەل و رۆحە بێت."
 
شەرع رووی دەمی کردە پاشماوەکانی دەسەڵاتی پێشووی سووریا و گوتی: "ئێمە لە شەڕی ئازادکردندا دژیان جەنگاین، سەرەڕای هەوڵدانیان بۆ کوشتنمان. ئێمە چاکسازیی وڵاتەکەمان دەوێت کە ئێوە وێرانتان کردووە و هیچ مەبەستێکمان لە خوێنی ئێوەدا نییە."
 
رۆژی 05-03-2025 لە پارێزگەی لازقییەی رۆژئاوای سووریا شەڕ لەنێوان هێزەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریا و ژمارەیەک چەکدار دروستبوو کە باس لەوە دەکرێت لایەنگری دەسەڵاتی پێشووی سووریا بوون.
 
شەڕەکە گەورەبوو و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای سووریا، لەوانەش جەبلە، تەرتووس و بانیاسی گرتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قوناخی راگوزەری سووریا

کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی: شەرع ئامادەیە بە مەرج پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە

کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی دەڵێت، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قوناخی راگوزەری سووریا پێی گوتووە، ئامادەیە "لە هەلومەرجی گونجاودا" پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، لە کاتێکدا دەیەوێت وڵاتانی رۆژئاوا سزاکانی سەر سووریا هەڵبوەشێننەوە.