زێد سفووک: ئەمریکی، فەرەنسی و بەریتانییەکان بۆ یەکدەنگیی کورد گوشاری زۆر دەکەن

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
نالین حەسەن
نالین حەسەن
زێد سفووک، نوێنەری بزووتنەوەی کوردستانیی سەربەخۆ لە سووریا، لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو.
زێد سفووک، نوێنەری بزووتنەوەی کوردستانیی سەربەخۆ لە سووریا، لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زێد سفووک، نوێنەری بزووتنەوەی کوردستانیی سەربەخۆ لە سووریا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، کۆبوونەوەیان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی  گرنگ بوو بۆ پێکهێنانی هەڵوێستی یەکگرتووی کورد و پێش ئەوەش لەگەڵ پەدەکەسە کۆبوونەتەوە. ئاشکراشیکرد کە کاغەزی کارێکیان کە لە سێ خاڵ پێکهاتووە و پێشتر ئامادەیان کردبوو، داوەتە هەردوو لا و هەردووکیان هەڵوێستی ئەرێنییان هەبووە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ زێد سفووک
 
رووداو: کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی چۆن بەڕێوەچوو؟
 
زێد سفووک: کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو بۆ پێکهێنانی یەکڕیزیی کوردی و پێش ئەوە لەگەڵ پەدەکەسە کۆبووینەوە. کاغەزی کارێکمان لە سێ خاڵ پێکهاتووە و پێشتر ئامادەمان کردبوو، بە هەردوو لامان دا و هەردووکیشیان هەڵوێستی ئەرێنییان هەبوو. هەروەها  کاغەزی ئەم کارەمان بۆ فەرەنسییەکانیش نارد و من لەو باوەڕەدام لە ماوەیەکی نزیکدا وەڵامێکی ئەرێنی دەدەن. بەگوێرەی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ هەردوو لایەنی کوردی، پێموایە تەنیا هەنگاوێک ماوە بۆ یەکدەنگی.
 
رووداو: لە کۆبوونەوەکەدا داوای چیتان لە مەزڵووم عەبدی کرد؟
 
زێد سفووک: پرسەکە ئەوە نییە کە ئێمە چی داوا لە یەکتری بکەین. پرسی سووریا پەیوەستە بە پرسی کورد و پرسی برایانی ئێزدی و عەلەویشەوە. کێشەی زۆر لە سووریا هەن و دەبێت چارەسەر بکرێن. ویستمان وەک میللەتی کورد بە یەک شاند بچینە شام و داوای مافەکانمان بکەین. بە باوەڕی ئێمە و بەگوێرەی دانوستاندنەکانمان ئێستا شاندێکی هاوبەش بچێتە شام، ناتوانێت یەکسەر بێت و بڵێت مافی گەلی کوردم بۆ هێناون. پرسەکە لەوە گەورەترە، بۆیە گرنگە لای ئێمە بە یەک هەڵوێست دەربکەون و بچنە شام.
 
ئەحمەد شەرع دەڵێت لەوانەیە تاوەکو سێ ساڵ رەوشی سووریا چارەسەر نەبێت، ئێمە دەڵێین لەوانەیە تاوەکو شەش ساڵیش درێژە بکێشێت، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە ئەم بەڕێوەبەرایەتییە نوێیە بە تەنیا خۆی لەم ساڵانەدا بەڕێوەمان ببات. دەبێت کوردیش تێیدا بەشدار بێت. کاتێک شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری سووریا دەچێتە دەرەوە، دەبێت کوردێک لە نێو شاندەکەدا هەبێت. دەبێت کورد واز لە ناکۆکی بهێنن. لە سەدا حەفتای گەلەکەمان داوای یەکڕیزی لە لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەن.
 
رووداو: هەڵوێستی مەزڵووم عەبدی چی بوو؟
 
زێد سفووک: هەڵوێستی ئەویش وەک هەموومان وایە. هەڵوێستەکانی ئەو و سەرکردەکانی پەدەکەسە، هەڵوێستی ئێمە و فەرەنسی و ئەمریکییەکان هەمووی یەکە. ئەوەی ماوە هەنگاوەکان بێنە پێش و دابنیشن.
 
رووداو: لەو کاغەزە کارەی ئێوە ئامادەتان کردووە، کە دەڵێن لە سێ خاڵ پێکهاتووە، ئەو خاڵانە چین؟
 
زێد سفووک: داوا دەکەین پێکهاتەی دەستەکە لەم نوێنەرانە پێکبێت: هەشت نوێنەر لە ئەنەکەسە، هەشت نوێنەر لە پەیەنەکە، دوو نوێنەر لە پارتەکانی دەرەوە، لەگەڵ حەوت سەربەخۆ.
 
رووداو: مەبەستت ئەم پێکهاتە بۆ شاندی چوونە شامە؟
 
زێد سفووک: بەڵێ، بۆ پێکهێنانی هەڵوێستی یەکگرتووی کوردی.
 
رووداو: چ داواکارییەکی دیکەتان هەیە؟
 
زێد سفووک: داواکاریمان ئەوەیە؛ دەستەیەک بەو شێوەیەی باسم کرد پێکبێت و گفتوگۆ لە نێوان خۆیاندا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی فەرەنسا و ئەمریکا و بەریتانیا بکەن و بە گەڕانەوە بۆ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و فەرماندەی هەسەدە مەزڵووم عەبدی، رێکبکەون و نامەیەک بگەیەننە شام. ئەم دەستەیە دواتر لە نێو خۆیدا چەند کەسێک هەڵدەبژێرێت کە لە نێو شاندی چوونە دیمەشق جێگەیان ببێتەوە.
 
رووداو: پێش مەزڵووم عەبدی ئێوە لەگەڵ پەدەکەسە کۆبوونەوە، ئەوان چ داواکارییەکیان هەبوو؟
 
زێد سفووک: هەڵوێستێکی ئەرێنییان هەبوو. ئەوانیش داوای یەکدەنگی دەکەن و ئەوانیش لەو باوەڕەدان کە کەس ناتوانێت بە تەنیا خۆی هیچ بکات. ئەگەر کورد لە نێوان خۆیدا رێکنەکەوێت، ئەوکات پرسی سووریا چارەسەر نابێت. ئەمریکی، فەرەنسی و بەریتانییەکانیش ئەمە دەزانن و بۆیان گرنگە کە رەوشی سووریا چارەسەر ببێت و ئارامی پەیدا ببێت، بۆیە بۆ یەکدەنگیی کورد گوشاری زۆر دەکەن.
 
رووداو: دیالۆگی کوردی - کوردی بە هەوڵەکانی ئەمریکا و فەرەنسا گەیشتووەتە کوێ؟
 
زێد سفووک: ئەوە لە نێو ئەو کارەی ئێمە پێی هەڵدەستین نییە. بۆ دیالۆگی کوردی و کوردی هەنگاوی باش هاوێژرابوو، بەڵام بۆ ماوەی چوار ساڵ راگیرابوو، ئێستا لەم رەوشەدا ناتوانن چوار ساڵی دیکە درێژی بکەنەوە، بۆیە ئەوەی لە ئەمریکی، فەرەنسی و بەریتانیا تێگەیشتین کە کورد بە یەک هەڵوێستەوە بچێتە شام و دواتر کار لەسەر نەهێشتنی ناکۆکییەکانی نێوخۆ بکەن.
 
رووداو: لە کۆبوونەوەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدیدا باسی ئەمە نەکرا؟
 
زێد سفووک: بەگوێرەی ئەوەی لە هەردوو لامان گوێمان لێبوو، هەنگاوی زۆر باش چوونەتە پێشەوە .ئێستا شاندێکی ئەنەکەسە لە هەولێرە و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبنەوە و تەنیا هەنگاوێک ماوە کە بگەڕێنەوە و دابنیشن و هەڵوێستیان یەک بخەن.
 
رووداو: چ بەربەستێک لەبەردەم ئەمەدا ماوە؟
 
زێد سفووک: بە بۆچوونی ئێمە و بەگوێرەی ئەوەی لەسەر زەوی دەیبینین هیچ بەربەستێک نەماوە و تەنیا ماوە کۆببنەوە.
 
رووداو: هەردوو لا لەسەر چی رێککەوتن؟
 
زێد سفووک: دیالۆگی کوردی - کوردی بەردەوام دەبێت. دەستەیەکی یەکگرتوو پێکدێت و بە ناوی میللەتی کوردەوە داواکارییەکانیان پێشکێش دەکەن.
 
رووداو: داوای چ مافێک دەکەن و بیروڕای شەقامی کوردی چییە؟
 
زێد سفووک: داوای ئێمە فیدراڵییە. فیدراڵیی سیاسی و جوگرافی هەیە. هەندێک داوای لامەرکەزی کارگێڕی دەکەن. ئێستا هەموو لایەک دابنیشن لەسەر ئەم خاڵانە رێکدەکەون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە