سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ بۆ رووداو: دەسەڵاتی بەشار ئەسەد کۆتایی هات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ دەسەڵاتی 53 ساڵەی ئەسەد و بنەماڵەکەی، کۆتاییهات."
ئەمڕۆ (شەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2024) رامی عەبدولرەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ لە بووڵتەنی کاژێر 06:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو میوان بوو. رایگەیاند، "دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەسەر سووریادا نەما. ئێمە هیواخوازین ئەمڕۆ دەسەڵاتەکەی کۆتایی بێت نەوەک سبەی، چونکە بەشار ئەسەد بەردەوامە لە خوێنڕشتنی خەڵکەکەی."
سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە دا، "چەکداران دەستیان بەسەر زۆر ناوچەدا گرتووە، بۆیە پێشنیاز دەکەین دەستەیەکی کاتی پێکبهێنرێت بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن."
سەبارەت بە تورکیاش، رامی عەبدولرەحمان گوتی "تورکیا هەوڵی دووبەرەکی لەنێوان عەرەب و کوردی سووریا دەدات."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: راستە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن گەیشتوونەتە دەوروبەری دیمەشق؟
رامی عەبدولرەحمان: چەکداران سەرەڕای ئەوەی دوور بوون، بەڵام ئەمڕۆ گەیشتنە دەوروبەری دیمەشق، ئەوانەی گەیشتوون، ئەو چەکدارانەن کە بڕیاری چەکهەڵگرتنیان دژی رژێم داوە، هەندێک شار و گوندیان لە دەوروبەری دیمەشق گرتووە، سوپای دیمەشق لە زۆربەی ناوچەکان کشاوەتەوە، تەنانەت زۆربەیان لە ناوەندی دیمەشقیش کشاونەتەوە و بەرەو باکووری پارێزگاکە دەڕۆن. هەموو شتێک تەواوبووە و لەدەست دەرچووە، رووداوەکان لەسەر چەند کاژێرێکی دواتر وەستاون، تەنانەت کە سەرۆکایەتیی سووریا گوتی، بەشار ئەسەد لە دیمەشقە. بەڵام دیارنییە کێ رێبەرایەتی دەکات و بەشار ئەسەد تەنیا وەکو هەیکەل ماوە، دەتوانم بڵێم 53 ساڵی حوکمی بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی، کۆتاییهات.
رووداو: پێتوایە ئەمشەو یان سبەی حوکمی بەشار ئەسەد کۆتایی بێت؟
رامی عەبدولڕەحمان: ئێمە هیوادارین هەر ئێستا کۆتایی بێت نەوەک سبەی، هیوادارین خوێنی گەلی سووریا بپارێزرێت؛ ئیدی بەسە خوێنڕێژی، چونکە بەشار ئەسەد پێداگرە لەسەر کوشتنی گەلی سووریا، دەترسین عەلەوییەکان بە پاساوی تیرۆر دەست بە شەڕ بکەن، ئێمە لەوەش دەترسین کورد لە سووریا بکەونە بەر پیلانگێڕیی حکومەتی تورکیا.
رووداو: ئۆپۆزیسیۆن ئەو هێزەی هەیە ئەمشەو بچێتە نێو دیمەشقەوە؟
رامی عەبدولڕەحمان: ئەوان ئێستا لە دیمەشقن، ئەوانەی لە دیمەشقن ئۆپۆزیسیۆنەکانن، ئێستا کارەکە لەدەست ئەفسەرانی نێو سوپای سووریایە کە بە بەشار ئەسەد بڵێن فەرموو بڕۆ، دواتر دەستەی راگوزەر پێکبهێنرێت و هەڵبژاردن بکرێت بۆ ئەوەی گەلی سووریا بپارێزرێت.
رووداو: ئەو سەربازانەی لە گوندەکانی دەوروبەری دیمەشقن، ئۆپۆزیسیۆن نین ئەوانەی لەوێن خۆیان خەڵکی ئەو گوندانەن و چەکدارن، ئەوە راستە؟
رامی عەبدولڕەحمان: لە مەعزەمییە و لە دارییە و ناوچەکانی دیکەش ڤیدیۆ هەیە پیشانی دەدات چەکدارە خۆجێیەکان دەستیان بەسەر ناوچەکاندا گرتووە، سوپای سووریا ئێستا لەتوانایدا نییە وەکو جاران وێرانکاری بکات، ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو کرا، سووکایەتییەکی زۆر بوو بە سوپای سووریا. بە بەشار ئەسەد دەڵێم 'با بەس بێت و ئیدی بڕوات، پێویستە دادگەیی بکرێت، دەیان هەزار بەندکراو لە بەندیخانەکاندان کە تەنیا لەبەرئەوە دەستگیرکراون، چونکە بەرەنگاری رژێمی بەشار ئەسەد بوونەتەوە، یەکێک لەوانە عەبدولعەزیز قرداحـە کە سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆنە و دەیانی دیکەش هەن، ئێمە داوا دەکەین دەسەڵاتی 53 ساڵەی تیرۆریستیی رژێم کۆتایی پێبێت.
رووداو: چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێن گەیشتووینەتە نێو حومس ئەوە راستە؟
رامی عەبدولڕەحمان: لە دەوروبەری شاردان لە هەردوو لای رۆژهەڵات و باشوور، پێم گوتی کۆتاییهاتووە، چەندین ئەفسەری سوپا پەیوەندییان پێوەکردووم و پێیان گوتووم نایانەوێت شەڕ بکەن، هەرکاتێک چەکداران هاتن 'ئێمە دەکشێینەوە بۆ ناوچەکانی دیکە.'
رووداو: پێتوایە سەربازانی سوپا بەرگری لە دیمەشق ناکەن؟
رامی عەبدولرەحمان: پێویستە لە چەند کاژێری داهاتوودا چارەسەرێک بدۆزرێتەوە، نەک لە چەند رۆژی داهاتوو؛ بۆ ئەوەی ئۆکسجین بۆ بەشار ئەسەد نەگەڕێتەوە، پێویستە لە چەند کاژێری داهاتوودا دەستەیەکی بەڕێوەبردنی سەربازی پێکبهێنرێت بەشێوەیەکی کاتی بۆ ئەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی نیشتمانیی سووریا بکات، ئێمە ناڵێین ئۆپۆزیسیۆن رەوایە یان نا، کێ رەوایەتی بە ئۆپۆزیسیۆن دەدات؟ ئەردۆغان، ئێران یان رووسیا؟ ئێستا دۆخێک دروستبووە ئەو دۆخەیە رەوایەتی پێدەدات. پێویستە سووریا بۆ هەموو لایەک بێت، بەبێ جیاوازی و هەموو رۆڵەکانی سووریا بپارێزرێن.
رووداو: هیچ زانیاریتان لەسەر هێرشی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر هەسەدە لە منبج هەیە؟
رامی عەبدولڕەحمان: تورکیا ئێستا دەیەوێت فیتنە لەنێوان کورد و عەرەب دروست بکات، ئەمڕۆ بینیمان هاکان فیدان (وەزیری دەرەوەی تورکیا) لەدوای کۆبوونەوەکان گوتی هەسەدە تیرۆریستن، ئێمە دەمانەوێت تورکیا واز لە دەستێوەردانەکانی لەنێو سووریا بهێنێت.
رووداو: لەگەڵ هێرشی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر منبج، هێزەکانی هەسەدە کشاونەتەوە؟
رامی عەبدولڕەحمان: هەموو سەرقاڵین بە بەشار ئەسەد و بەرپرسانی، ئێمە هیوادارین ئەوەی لە منبج روودەدات، نەبێتە هۆی خوێنڕشتن، ئەردۆغان لە 2011ـەوە هەوڵیداوە نەهامەتییەکانی دۆخی سووریا بقۆزێتەوە و دەستوەردان بکات.
رووداو: پێتوایە کورد بتوانێت دوای رووخانی رژێم ئۆتۆنۆمی بەدەستبێنێت؟
رامی عەبدولرەحمان: فیدراڵی بێت یان نا؛ ئەوە دەبێت خەڵکی سووریا خۆیان بڕیار لە چارەنووسیان بدەن، ئێمە هیوادارین کوردیش بە مافی خۆی بگات، چونکە ئەمڕۆ وەکو دوێنێ نییە، سووریا چیدیکە وڵاتێکی سەرکوتکار نابێت و کەس ناتوانێت هیچ پێکهاتەیەک دووربخاتەوە.
رووداو: پێتوایە ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ دەستەی تەحریر شام و ئەبو محەممەد جۆلانی (سەرۆکی دەستەکە) بکات؟
رامی عەبدولڕەحمان: هەموویان مامەڵەی لەگەڵ دا دەکەن، وەک چۆن پێشتریش لەگەڵ تاڵیبان کردیان، ئێستا جۆلانی خۆی وا نیشاندەدات پیاوێکە و گۆڕاوە و وەکو جاران نییە، ئەو ئێستا هەوڵی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی دەدات.
رووداو: پێتوایە شەڕ لەنێوان هێزەکەی ئەبو محەممەد جۆلانی و هێزەکانی نزیک لە تورکیا رووبدات؟
رامی عەبدولڕەحمان: قسەکە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی؛ ئایا هەواڵگریی تورکیا چی دەوێت؟ هێزەکانی تەحریر شام جیاوازن لەو هێزانەی سەر بە تورکیان، ئەوانەی سەر بە تورکیان، هەموویان مورتەزەقە و بەکرێگیراون.
رووداو: دۆخی حەلەب ئێستا چۆنە؟
رامی عەبدولڕەحمان: دۆخی حەلەب ئێستا زۆر لە سەردەمی بەشار باشترە، کردار گرنگە و ئێمە بەردەوام چاودێریی بارودۆخەکە دەکەین و لایەنگری ناکەین، هەرشتێک ببینین باش نەبێت، بڵاویدەکەینەوە.
رووداو: پێتوایە کوردانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە تووشی پێشێلکاری ببن؟
رامی عەبدولڕەحمان: ئێمە هیوادارین رووبەڕووی هیچ کێشەیەک نەبنەوە، چونکە ئەگەر ئەوە رووبدات، قۆناخی دابەشبوون و وێرانبوونی کۆمەڵگەی سووری دەستپێدەکات.