رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) لە تەلەگرام پەیامێکی بۆ چەکدارەکانی نارد و پێیڕاگەیاندن، ئامادەکاری بۆ چوونە نێو دیمەشق بکەن.
رۆژی شەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام لە تەلەگرامی خۆی پەیامێکی بۆ چەکدارەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دیمەشق چاوەڕێتانە".
پەیامەکە لەکاتێکدایە پێشڕەویی چەکدارەکانی هەتەشە لە باکوور و باشووری پایتەختەوە بۆ گرتنی شارەکە، بەردەوامە و ئەم ئێوارەیەش سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بڵاویکردەوە؛ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا لە دیمەشقە و لەوێ کارەکانی رادەپەڕێنێت.
لەبەرەی باکووری شاری دیمەشقەوە، چەکدارانی دەستەی تەحریر شام و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان گەیشتوونەتە گوندی ناسرییە کە نزیکەی 65 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورە. لە بەرەی باشووریشەوە چەکدارەکان کۆنترۆڵکردنی گوندی خابییەیان راگەیاندووە کە کەمتر لە 20 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری دیمەشقەوە دوورە.
رۆژی 25ـی تشرینی دووەمی 2024، دەستەی تەحریر شام و گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە دەستیان بە هێرشکردنە سەر سەربازانی سوپای سووریا لە باکووری وڵاتەکە کرد. سەرەتا پارێزگاکانی حەما و حەلەبیان گرت. ئێستاش چاویان لەسەر حومس و دیمەشقی پایتەختە. هەروەها، چەکدارەکان رووبەرێکی فراوانی پارێزگاکانی وەیدە، دەرعا و قونەیترەیان کۆنترۆڵکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ