ئەبو محەممەد جۆلانی: حەلەب مێژوویەکی درێژی لە جیاوازیی کولتووری و ئایینی هەیە


رووداو- هەولێر 

ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام (HTS) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)، دیدگەی خۆی بۆ هێرشی بەردەوامی گرووپەکەی دژی رژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا خستەڕوو. جۆلانی لە شوێنێکی ئاشکرا نەکراوەوە لەگەڵ رۆژنامەڤانێکی نیویۆرک تایمز قسەی کرد.
 
ئەو متمانەی تەواوی بە توانای خۆیان دەربڕی بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی درێژخایەنی ئەسەد و وردەکارییەکانی سەرکەوتنەکانی ئەم چەند رۆژی رابردووی گرووپەکەی خستەڕوو.
 
لەو هەڤپەیڤینەدا، جۆلانی جەختی لەسەر بەهێزیی و توانای گرووپەکەی دەکات و دەڵێت: ''ئامانجمان رزگارکردنی سووریایە لەم رژێمە ستەمکارە". جۆلانی ئۆپەراسیۆنەکەی بە هەوڵێکی ورد و پلان بۆداڕێژراو دادەنێت کە زیاتر لە ساڵێکە ئامادەکاری بۆ دەکەن.
 
لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەدا، جۆلانی باسی لاوازیی هێزەکانی ئەسەدی کرد و گوتی: ''ئەم ئۆپەراسیۆنە دووژمنی شکاند''. ئەو گوتی، سەرباری چەکی قورس و فڕۆکەی جەنگی و پشتیوانیی رووسیا و ئێران، بەڵام هێزەکانی ئەسەد بەرامبەر هێرشەکانی گرووپەکەی پاشەکشەیان کردووە. جۆلانی هۆکاری ئەو سەرکەوتنانەی گەڕاندەوە بۆ لاوازیی سوپای سووریا و، هەروەها دەستنیشانکردنی کاتێکی ستراتیژی بۆ هێرشکردن، کاتێک هاوپەیمانەکانی ئەسەد بەهۆی ململانێیەکانی دیکەوە سەرقاڵبوون.
 
جۆلانی دانى بەو ئاڵنگارییانە دانا کە لەپێش گرووپەکەیدان، بەتایبەتى گرنگیی کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەکان بۆ لاوازکردنی هێزی ئاسمانى رژێمی ئەسەد. ناوبراو ئاماژەی بە دەستبەسەرداگرتنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب و چەند بنکەیەکی ئاسمانیی سەربازی کرد و گوتی: ''تاوەکو ئێستا ئەنجامێکی گەورەی بەدەستهێناوە"، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە توانای هێزەکانی ئەسەد بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی هێشتا هەڕەشەیەکی گەورەیە.
 
ئەبو محەممەد جۆلانی بەشار ئەسەدی بە هۆکاری وێرانکاریی سووریا و زۆری قوربانیانی سیڤیل دانا کە لەڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپەکەی دەکاتە ئامانج. گوتیشی: ''بێگومان قوربانی شەڕ هەیە، بەڵام ئێمە بەرگری لە خۆمان دەکەین، دواتر ئەو دێت و ئەم هێرشانە دەکات". 
 
ناوبراو ئاماژەی بە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ گەڕان بەدوای چارەسەرە سیاسییەکان لە داهاتوودا، بەڵام جەختی لەوە کردەوە فۆکەسی ئێستای لەسەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەمێنێتەوە.
 
سەبارەت بە حوکمڕانی و داهاتووی سووریا، جۆلانی هەوڵیدا وێنەیەکی گشتگیرتر پێشانبدات و رایگەیاند، "ناتوانیت بیرۆکەکانت بەسەر خەڵکدا بسەپێنیت". ئەو تیشکی خستەسەر هەوڵەکانیان بۆ دڵنیاکردنەوەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکانی سووریا و داوای لە چەکدارەکانی کرد لەکاتی پێشڕەوییەکانیاندا ترس لەنێو خەڵکانی مەزهەبە جیاوازەکاندا دروست نەکەن. جۆلانی بەبیر شوێنکەوتووانی هێنایەوە: "حەلەب هەمیشە و بەردەوام ناوەندی شارستانی و کولتوورەکان بووەو، مێژوویەکی دوور و درێژی جیاوازی کولتووری و ئایینی تێدا هەیە."
 
لە وەڵامی پرسیارێک دا سەبارەت ئەو رەخنانەی رووبەڕووی دەکرێنەوە لەبارەی شێوازی حوکمڕانی گرووپەکەی لە ئیدلیب، جۆلانی بەرگری لە سەرکردایەتییەکەی کرد و گوتی: ''هیچ حکومەتێک نییە کە هەموو خەڵک قبووڵیان بێت''.
 
ئەبو محەممەد جۆلانی کە ناوی تەواوی (ئەحمەد حوسێن شەرع)ـە، لەساڵی 1982 لەدایکبووە. ماوەیەک لە عێراق لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە لە دژی ئەمریکییەکان جەنگاوە، دوای ئەوە بووەتە هاوڕێی ئەبوبەکر بەغدادی لە داعش، دوای ئەوەی بەغدادی ویستی بەرەی نوسرە هەڵبوەشێنێتەوە لەنێو داعش دا رەتیکردەوە و بووە شوێنکەوتەی زەواهیری سەرۆکی رێکخراوی قاعیدە. ماوەی چەند ساڵێکە شاری ئیدلب و دەوروبەری بەڕێوەدەبات. لەلایەن تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا خۆی و رێکخراوەکەی وەکو تیرۆریست ناسێندراون. 
 
ساڵی 2013 لەلایەن وەزارەتی دەروەوەی ئەمریکاوە وەکو "تیرۆریستی جیهانی ناسێندرا" و دوای چوار ساڵ ئەمریکا 10 ملیۆن دۆلاری دیاریکرد بۆ هەر کەسێک زانیاری ئەوتۆ لەبارەیەوە بدات کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی.