سوپای سووریا هێزەکانی لە دەرعا و سوێدا دەکشێنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سوپای سووریا رایدەگەیێنێت، هێزەکانیان لە هەریەکە لە شارەکانی دەرعا و سوێدا دەکشێنێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاند، گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵی دەرعایان گرتووەتە دەست. 
 
رۆژی شەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، سوپای سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی "هێزەکانمان لە دەرعا بەرەو سەنگەری دیکە گواستوونەتەوە و لە شوێنی دیکە جێگیرمان کردوون، لەبەرامبەر هێرشەکانی گرووپە تیرۆریستییەکان ناوچەیەکی ئەمنیی دروست دەکەین."
 
درەنگانی شەوی رابردوو، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاند، "گرووپە چەکدارە نێوخۆییەکانی سووریا ناوچەیەکی زیاتریان لە پارێزگای دەرعا کۆنترۆل کردووە، لەنێویاندا شاری دەرعا. ئێستا گرووپەکان زیاتر لە 90٪ـی پارێزگاکەیان کۆنترۆڵ کردووە."
 
سوپای سووریا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، سوپا لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای حمس و حەما، چەند شوێنێکی کۆنترۆڵ کردووەتەوە. 
 
پارێزگای سوێدا دەکەوێتە باشووری سووریا و دراوسێی دەرعایە؛ زۆربەی دانیشتووانەکەی دروزن.
 
پارێزگای دەرعا لە خۆپێشاندانەکەی 2011ـی دژ بە بەشار ئەسەد بە "مەڵبەندی شۆڕش" ناوی دەرکردبوو. ئەسەد لە 2012 لەبەرژەوەندیی گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵی دەرعای لەدەست دا، بەڵام لە ساڵی 2018 و بە پاڵپشتیی راوێژکارە سەربازییە ئێرانییەکان و هێزی ئاسمانیی رووسیا، شارەکەی کۆنترۆڵ کردەوە.
 
ئەو گرووپە چەکدارانەی لە دەرعا و سوێدا دژی سوپاکەی ئەسەد شەڕ دەکەن، سەر بە دەستەی تەحریری شام و سوپای نیشتمانی سووریا نین، بەڵکو بە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن ناودەبرێن.
 
چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) کە دژی حکومەتی سووریان، رۆژی 25-11-2024، هێرشێکی لەناکاویان بە ئاراستەی ئەو شارانە کرد کە لەژێر دەستی حکومەتن. رۆژی 27-11-2024 گەیشتنە شاری حەلەب و کۆنترۆڵیانکرد. رۆژی 06-12-2024 کۆنترۆڵکردنی شاری حەمایان لە باشووری حەلەب راگەیاند. چەکدارەکان ئێستا لە دەروازەی شاری حومسن و چاویان لەسەر دیمەشقە.