رووداو - دیمەشق
دوای دەستگرتنی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەسەر شاری حومس دا، هێزە ئەمنی و چەکدارییەکانی لایەنگری بەشار ئەسەد روودەکەنە تەرتووس و دیمەشق لە دڵەڕاکێیەکی زۆردا دەژیت.
چەند سەرچاوەیەک لە دیمەشق بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، هێزەکانی حکومەتی سووریا لە دیمەشق لە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆردا دەژین دوای کۆنترۆڵکردنی شاری حومس لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە.
ئەو سەرچاوانە بە رووداویان راگەیاند, هێزەکانی ئەسەد بەرەو تەڕتووس دەچن. هەروەها خەڵکی دیمەشق بەشێکی زۆر خۆراکیان کڕیوە و دووکان و سوپەرمارکێتەکانی خۆراک بەرەو چۆڵبوون دەچن.
درەنگی ئەم شەو سوپای حکومەتی بەشار ئەسەد لە شاری حومس کشایەوە و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە پێشڕەویدان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی شارەکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8.12.2024، رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: سوپای سووریا لە شاری حومس کشاوەتەوە و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چوونەتە نێو شارەکە.
دوای پارێزگای حومس، راستەوخۆ پارێزگای دیمەشقی پایتەخت دێت، واتە هیچ پارێزگایەک ناکەوێتە نێوان ئەو دوو پارێزگاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ