رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەڵێن، لە دیمەشقی پایتەخت نزیکبوونەتەوە، وەزیری نێوخۆی سووریا رایدەگەیێنێت، پشتێنەیێکی ئەمنیی تووندیان لە دەوروبەری دیمەشق دروستکردووە.
رۆژی شەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، محەممەد رەحموون، وەزیری ناوخۆی سووریا بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، "پشتێنەیێکی ئەمنیی و سەربازیی زۆر تووندمان لە دەورووبەری دیمەشق دروستکردووە."
وەزیری ناوخۆی سووریا زیاتر لەبارەی پشتێنە ئەمنییەکەوە دەڵێت، "هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو پشتێنە ئەمنییە ببڕێت کە هێزە چەکدارەکانمان دروستیان کردووە."
ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاندووە، سوپای سووریا لە بەشێکی ناوچەکانی دەورووبەری دیمەشق کشاوەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، ئەو ناوچانەی سوپای سووریا لێی کشاونەتەوە، بریتین لە ناوچەی معەزەمییە، داریا و فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززە.
هەر ئەمڕۆ ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) پەیامێکی بۆ چەکدارەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دیمەشق چاوەڕێتانە."
هەروەها بەیانیی ئەمڕۆ، سوپای سووریا رایگەیاند، هێزەکانیان لە هەریەکە لە شارەکانی دەرعا و سوێدا دەکشێنێتەوە، دوای ئەوەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاند، گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵی دەرعایان کەوتووەتە دەست.
رۆژی 25ـی تشرینی دووەمی 2024، دەستەی تەحریر شام و گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە دەستیان بە هێرشکردنە سەر سەربازانی سوپای سووریا لە باکووری وڵاتەکە کرد. سەرەتا پارێزگاکانی حەما و حەلەبیان گرت. ئێستاش چاویان لەسەر حومس و دیمەشقی پایتەختە. هەروەها، چەکدارەکان رووبەرێکی فراوانی پارێزگەکانی سوەیدا، دەرعا و قونەیترەیان کۆنترۆڵکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ