سوپای سووریا: میدیای تیرۆرستان چەواشەکاری بڵاودەکاتەوە

رووداو  دیجیتاڵ 

سوپای سووریا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "میدیای سەر بە تیرۆرستان هەواڵی چەواشە بڵاودەکاتەوە، لەکاتێکدا ئێمە بەردەوامین لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی گەورە."
 
راگەیێندراوەکە لەکاتێکدایە گرووپە چەکدارەکان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی حومس و دیمەشق دەدەن، دوای ئەوەی دەستیان بەسەر حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و چەند ناوچەیەکی قونەیترەدا گرت. 
 
فەرماندەیی سوپای سووریا لە راگەیێندراوەکەی رۆژی شەممە، 7-12-2024،  ئاماژەی بەوە کرد، ماوەی چەند رۆژێکە، بەتایبەتیش لە بەیانیی ئەمڕۆوە، "گەلی سووریا رووبەڕووی جەنگێکی میدیایی و تیرۆرستیی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەبێتەوە،" کە بە گوتەی سوپای سووریا، "ئامانج لێی، تێکدانی ئاسایشی وڵات، هاووڵاتییان و بڵاوکردنەوەی ئاژاوە و ترسە لەپێناو خزمەتکردنی ئەجێندای دووژمنانە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "سەکۆ میدیاییەکانی سەر بە تیرۆرستان لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی چەواشەکاری و هەواڵی درۆ لەبارەی رووداوەکانی سووریا نەوەستاون."
 
سوپای سووریا داوا لە خەڵکی وڵاتەکە دەکات، "لەم هەڵمەتە میدیاییانەدا، هۆشیار بن و پێویستە لە راستی و دروستیی زانیارییەکان پشتڕاستبنەوە پێش ئەوەی بڵاویان بکەنەوە."
 
سوپاکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، هێزی پشتیوانی بۆ هێڵە بەرگرییەکانی لە تەواوی گوندەواری دیمەشق ناردووە.