رووداو دیجیتاڵ
سوپای سووریا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "میدیای سەر بە تیرۆرستان هەواڵی چەواشە بڵاودەکاتەوە، لەکاتێکدا ئێمە بەردەوامین لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی گەورە."
راگەیێندراوەکە لەکاتێکدایە گرووپە چەکدارەکان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی حومس و دیمەشق دەدەن، دوای ئەوەی دەستیان بەسەر حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و چەند ناوچەیەکی قونەیترەدا گرت.
فەرماندەیی سوپای سووریا لە راگەیێندراوەکەی رۆژی شەممە، 7-12-2024، ئاماژەی بەوە کرد، ماوەی چەند رۆژێکە، بەتایبەتیش لە بەیانیی ئەمڕۆوە، "گەلی سووریا رووبەڕووی جەنگێکی میدیایی و تیرۆرستیی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەبێتەوە،" کە بە گوتەی سوپای سووریا، "ئامانج لێی، تێکدانی ئاسایشی وڵات، هاووڵاتییان و بڵاوکردنەوەی ئاژاوە و ترسە لەپێناو خزمەتکردنی ئەجێندای دووژمنانە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "سەکۆ میدیاییەکانی سەر بە تیرۆرستان لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی چەواشەکاری و هەواڵی درۆ لەبارەی رووداوەکانی سووریا نەوەستاون."
سوپای سووریا داوا لە خەڵکی وڵاتەکە دەکات، "لەم هەڵمەتە میدیاییانەدا، هۆشیار بن و پێویستە لە راستی و دروستیی زانیارییەکان پشتڕاستبنەوە پێش ئەوەی بڵاویان بکەنەوە."
سوپاکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، هێزی پشتیوانی بۆ هێڵە بەرگرییەکانی لە تەواوی گوندەواری دیمەشق ناردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ