نێردەی UN بۆ سووریا داوای 'ئارامی و رێگری لە خوێنڕشتن' دەکات
رووداو دیجیتاڵ
گیێر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا ئەمڕۆ داوای کرد دۆخی وڵاتەکە هێوربکرێتەوە.
پیدەرسن لە کۆڕبەندنی دەوحە قسەی کرد و گوتی "دووبارە داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان، ئارامی و رێگریکردن لە خوێنڕشتن و پاراستنی خەڵکی سڤیل دەکەم."
پیدەرسن هەروەها داوای کرد، "پڕۆسەیەک بۆ بەدیهێنانی خواستە رەواکانی خەڵکی سووریا دەستپێبکات."
لە کاتێکدا گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن لە دیمەشق نزیکبوونەتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بڕووخێنن، پیدەرسن دەڵێت، لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، تورکیا، رووسیا، ئەمریکا و ئەورووپا، داوایکردووە "دەستبەجێ لە جنێڤ دانوستاندنی سیاسی بکرێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان" کە نەخشەڕێی چارەسەری سیاسیی سووریایە.
پیدەرسن گوتیشی "هیوام وایە؛ بتوانرێت لە ماوەیەکی نزیکدا رۆژێک بۆ کۆبوونەوە دابنرێت. هەرگیز وەکو ئێستا گواستنەوەیەکی سیاسیی رێکوپێک پێویست نەبووە."