لێدوانی مەزڵووم عەبدی لەبارەی پێشڕەویی هێزەکانیان بۆ دێرەزوور
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، لەگەڵ پێشڕەویی هێزەکانیان بۆ دێرەزوور لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکان، لێبووردنی گشتی لەو ناوچەیە رادەگەیێنن.
مەزڵووم عەبدی ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 7-12-2024) لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "داوا لە هەموو لایەک دەکەین هاوکار بن بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەزڵووم عەبدی دەڵێت، پشت بە رۆڵی هۆزەکان دەبەستین بۆ رێگریکردن لە ئاژاوەگێڕی و پاراستنی ناوچەکە، جەختیش دەکاتەوە لەوەی "هێزەکانمان پاڵپشتی ئێوەن."
دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە 25ـی تشرینی دووەم، لەژێر ناونیشانی "ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوەی دووژمنکاری،" دەستیان بە هێرشێک بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا کرد و چەندین ناوچەیان لە حەلەب کۆنترۆڵکرد، گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیاش لە 30ـی هەمان مانگ بە ناونیشانی "ئۆپەراسیۆنی گزنگی ئازادی" دەستیان بە هێرش کرد و سەرنجی سەرەکییان خستە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانان.
دوێنێ هەینی، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، هێزەکانیان چوونەتە رۆژئاوای فورات و نێوەندی پارێزگەی دێرەزووریان کۆنترۆڵکردوە. بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، دەروازەی ئەلبوکەمال لە نێوان عێراق و سووریاش کەوتووەتە دەستی هەسەدە.
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پێش ئەوەی هەسەدە پێشڕەوی بکات، سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە پارێزگەکە کشابوونەوە.
بەم جۆرەش، پارێزگەی دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا بە تەواوی لە کۆنترۆڵی هێزەکانی بەشار ئەسەد دەرکەوت و کەوتە ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانان.