رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی سووریا دەڵێت، دۆخێکی جیاوازی سیاسی و دیپلۆماسی لە سووریا بەدی دەکرێت، پێویستە هەموو سووریاییەکان بڕیار لە چارەنووس و داهاتووی خۆیان و وڵاتەکەیان بدەن. دەشڵێت: "چاومان لە پارچە بەردێکی هیچ وڵاتێک نییە".
رۆژی شەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەشداریکرد لە هەشتەمین کۆنگرەی لقی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە پارێزگای دیلۆک لە باکووری کوردستان. گوتارێکی پێشکێشی ئامادەبووان کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی سووریا گوتی: "رۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا لە هەموو روویەکەوە هەڵسەنگاندنمان بۆ پێشهاتەکانی سووریا کرد. چاومان لە پارچە بەردێکی هیچ وڵاتێک نییە. هیوادارین لە سووریای دراوسێمان دوای 13 ساڵ کۆتایی بە حەسرەت و ئەو نەهامەتییانە بێت کە بە درێژایی ئەم چەند ساڵە چەشتوویانە. هیوادارم ئاشتی، سەقامگیری و ئارامی بەرقەرار بێت."
ئەردۆغان گوتی: "وەک چۆن بایەخ بە ئارامی و خۆشگوزەرانی هاتای [شارێکی تورکیایە هاوسنوورە لەگەڵ سووریا] دەدەین، بەهەمان شێوە چاومان لەوەیە ئارامی و خۆشگوزەرانی باڵ بکێشێتە سەر حەما، حمس، دیمەشق، رەققە و عەینولعەرەب (کۆبانێ)."
سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، "لە راستیدا خوشک و برایانی سووریایی ماوەیەکی زۆر ئازاری زۆریان چەشت. نزیکەی 12 ملیۆن سووریایی بە ناچاری کۆچیان کردووە. بەشێکی زۆریان لە رێگەی کۆچ گیانیان لەدەستدا. دیمەنی گیانلەدەستدانی ئایلان چۆن لەیاد دەکەین؟. راستە سنوور لە نێوانماندا هەیە، بەڵام قەدەر و چارەنووسمان هاوبەشە. بۆ چەندین سەدە پێکەوە بووین و بۆ چەندین سەدەش پێکەوە دەبین".
ئەردۆغان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی سووریا گوتی: "ئێستا دۆخێکی زۆر جیاوازی سیاسی و دیپلۆماسی لە سووریا بەدی دەکرێت. پێویستە هەموو سووریاییەکان بڕیار لە چارەنووس و داهاتووی خۆیان و وڵاتەکەیان بدەن".
لەبارەی ئەگەری بوونی هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر تورکیا، ئەردۆغان گوتی: "دەمەوێ هەمووان باش بزانن، وەک تورکیا رێگە بەهیچ جۆرە هەڵمەتێک نادەین ئاسایشی نیشتمانیمان بخاتە مەترسییەوە. دەبێ هەمووان باش بزانن بە رشتنی خوێن، کوشتن و بڕین، بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی خەڵکی سڤیل، کەس ناگاتە ئەنجام و مەرامی خۆی. رووداوەکانی 13 ساڵ سەلمێنەری ئەم دۆخەن. خاکی سووریا لە جەنگ و خوێن و فرمێسک رشتن بێزار بوو".
سەبارەت بە پەیامە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "رژێمی دیمەشق بەهای دەستپێشخەریی تورکیا و درێژکردنی دەستی تەبایی بە هەند وەرنەگرت. تورکیا دوێنێ و ئەمڕۆش لە بەرەی راست و دروستدا شوێنی خۆی کردووەتەوە. دەخوازین سووریایەک ببینین تێیدا هیچ لایەنێک فەرامۆش نەکرێت، جیاکاری لەنێوان ناسنامەکان نەکرێت و شان بەشان هەمووان لە ئارامی و خۆشگوزەرانیدا پێکەوە بن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ