رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوەی لە سووریا روودەدات هیچ پەیوەندییەکی بە وڵاتەکەیانەوە نییە. دەشڵێت، رووسیا بەهۆی سەرقاڵیی بە جەنگی ئۆکرایناوە ناتوانێت یارمەتی حکومەتی سووریا بدات.
ئەمڕۆ (شەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2024) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس رایگەیاند "هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر شار دا گرتووە و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری دیمەشقیشیان گرتووە، هەوڵ بۆ لادانی ئەسەد دەدەن."
ترەمپ دەشڵێت، "رووسیا بەهۆی لەدەستدانی 600 هەزار سەرباز لە جەنگی ئۆکراینا و سەرقاڵیی بەو جەنگەوە؛ پێدەچێت نەتوانێت یارمەتی سووریا بدات."
ئاماژەی بەوەش کرد، شەڕی سووریا، کە ساڵی 2011 دەستیپێکرد، هیچ سوودێکی بە رووسیا نەگەیاندووە و وایکردووە باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا "گەمژە" دەرکەوێت.
بە بۆچوونی ترەمپ، کە مانگی داهاتوو دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەگرێتە دەست، دۆخی سووریا ئاڵۆزە و وڵاتەکەش "دۆست"ـی ئەوان نییە. جەخت لەوەش دەکاتەوە، "نابێت ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بەمەوە (شەڕی سووریا) هەبێت. ئەمە شەڕی ئێمە نییە."
رۆژی 25ـی تشرینی دووەمی 2024، دەستەی تەحریر شام و گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە دەستیان بە هێرشکردنە سەر سەربازانی سوپای سووریا لە باکووری وڵاتەکە کرد.
سەرەتا پارێزگاکانی حەما و حەلەبیان گرت. ئێستاش چاویان لەسەر حومس و دیمەشقی پایتەختە. هەروەها، چەکدارەکان رووبەرێکی فراوانی پارێزگەکانی وەیدە، دەرعا، ریفی دیمەشق و قونەیترەیان کۆنترۆڵکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ