روانگەی ئاشووری بۆ مافەکانی مرۆڤ: تائێستا زیاتر لە 4,000 کریستیان لە سووریا کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری روانگەی ئاشووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە یەک لەسەر سێی کریستیانەکانی سووریا ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە.
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، جەمیل دیاربەکرلی، بەڕێوەبەری روانگەی ئاشووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە میوانی بۆڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، رایگەیاند: "لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ناوەندی گەورەی کارمان پێکهێنا بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی حەلەب، هەر لە سەرەتاوە پەیوەندیمان بە سەرکردایەتییە کۆمەڵایەتیی و ئایینییەکانی شارەکە کرد. بەڵام رووداوەکان زۆر خێرا و چاوەڕواننەکراون، بۆیە ئێمە هەمیشە ئامادەی تۆمارکردنی هەر پێشێلکارییەکین کە بەرامبەر کۆمەڵگە بکرێت، هەروەها ئێمە ئامادەی چارەسەرکردنی هەرکێشەیەکین کە رووبەڕووی هاووڵاتیان ببێتەوە."
جەمیل دیاربەکرلی باسی هەڵسوکەوتی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی کرد و گوتی: "پێشتر ئەزموونی خراپ هەبوون، بەڵام تائێستا هیچ هەڵسوکەوتێکی هاوشێوەی هەڵسوکەوتەکانی پێشووتر بەرامبەر خەڵکیی نەکراوە، بەڵکو هەوڵیان داوە زۆر رێکوپێک بن بەرامبەر کریستیانەکان."
لە رۆژانی رابردوو دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە گوایە پێشنیاز کراوە کاردیناڵێک ببێتە پارێزگاری حەلەب، جەمیل دیاربەکرلی لەوبارەیەوە گوتی: "ئەوانە پڕوپاگەندەی فەیسبووکن، پیاوانی ئایینی کریستیان لەسەریان قەدەخەکراوە کە پلە و پۆست وەربگرن، ئێمە ئەوە رەتدەکەینەوە."
بە گوتەی جەمیل دیاربەکرلی پێشتر لە زۆربەی شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکان پێشێلکاری زۆر هەبوون، بەڵام ئەمجارە هیچ پێشلێکارییەک نەکراوە: "پێدەچێت جۆرێک لە گڵۆپی سەوزی نێودەوڵەتیی هەبێت و رێگە نەدرێت پێشێلکاری بەرامبەر هاووڵاتییان بکرێت."
جەمیل دیاربەکرلی گوتی: "تائێستا کوژرانی هیچ هاووڵاتییەکی کریستیانمان تۆمارنەکردووە لە ماوەی ئەم ئۆپەراسیۆن و گرژییانەدا، تەنانەت هیچ پێشێلکارییەکی ئەوتۆشمان تۆمارنەکردووە، تەنیا یەک رووداوی دەگمەن هەبوو کە ئەویش برینداربوونی سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی زانستی بوو، کە پیاوێکی ئەرمەنییە و لەکاتی جێهێشتنی حەلەب بەرەو حەما لە رێگا بە فیشەکی قەناسبەدەستان بریندارکرا کە نازانین قەناسەکان سەر بە کام لایەن بوون.
بەڕێوەبەری روانگەی ئاشووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بە ژمارەی ئەو کریستیانانە کرد تاوەکو ئێستا کوژراون و گوتی: "لە 2011ـەوە تائێستا زیاتر لە 4000 کریستیان بەدەستی سەرجەم لایەنە شەڕکەرەکان کوژراون، جگە لەوەش زیاتر لە 3000 هەزار کریستیان بێسەروشوێنن و نزیکەی 600ـیشیان لە زیندانەکانی حکومەتن و ژمارەیەکیش لە زیندانەکانی هەسەدەب، لەبەر ئەوەشە کە پێکهاتەی کریستیان لە سووریا بەرەو لەناوچوون دەچێت لە سووریا و ئەوەش گەورەترین گۆڕانکاری دیمۆگرافییە لەو وڵاتەدا روویدابێت."
بەگوێرەی ئامارەکانی روانگەی ئاشووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە یەک لەسەر سێی کریستیانەکانی سووریا ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە، بەوپێیەی پێش شۆڕش زیاتر لە 150 هەزار کریستیان لە حەلەب هەبوون؛ ئێستا تەنیا نزیکەی 30 هەزار کریستیان ماون، هەروەها نزیکەی 100 هەزار کریستیان لە حەسەکە و جەزیرەی سووریا هەبوون کەچی ئێستا تەنیا 15 هەزار کریستیان لەو ناوچانە ماون.
بەڕێوەبەری روانگەی ئاشووری بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی دۆخی کریستیانەکانی دانیشتووی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەری خۆسەر کرد و گوتی، "دۆخەکە لەو ناوچانە مسۆگەرترە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی سووریا، بەڵام جۆرێک لە پێشێلکاری، دیکتاتۆری و سیستەمی پۆلیسی و هەواڵگری لەو ناوچانە هەن." گوتیشی: "راستە خوێندن بە زمانی سریانی هەیە، بەڵام ئەوە شتێک نییە دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە بۆی زیاد کردبێت بەڵکو هەر لەکۆنەوە هەبووە."