هەسەدە تەواوی ناوچەکانی پارێزگای دێرەزووری کۆنترۆڵ کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
شەڕڤانانی هەسەدە توانییان دوای زیاتر لە هەفتەیەک شەڕ و پێکدادان، بۆ دواجار دۆخەکە لە دێرەزوور کۆنترۆڵ بکەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی شارۆچکەی زیبان لە رۆژهەڵاتی ئەو پارێزگایە کۆنترۆڵکرد، کە بە دوا قەڵای چەکدارانی هۆزە عەرەبەکان دادەنرا.
فورات محەممەد، هێزی تایبەتی هەسەدە لە زیبان دەڵێت، "ئەمە دوا بنکەی بەهێزی بەکرێگیراوەکانە لە زیبان. زۆربەیمان کوشتن و راونان و زۆر لە ئەندامانی میلیشیاکانی حکومەتی سووریا و میلیشیا ئێرانییەکانمان دەستگیر کردن، کە خەڵکیان لێرە لە دژمان هاندەدا."
لە 27ی ئابەوە، شەڕ لەنێوان شەڕڤانانی هەسەدە و بەشێک لە چەکدارانی هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور سەریهەڵدا، لەدوای دەستگیرکردنی ئەبو خەولە، فەرماندەی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور لەلایەن هەسەدەوە.
لە ئەنجامی شەڕەکەدا لانیکەم 90 کەس کوژران، کە زۆربەیان چەکداری هۆزە عەرەبەکان بوون؛ ژمارەیەک لە کوژراوەکانیش خەڵکی سڤیل بوون.
هەڤاڵ خەزانی، فەرماندەی هێزی کۆماندۆی هەسەدە لە دێرەزوور رایگەیاند، "کاتێک گەیشتینە چەمی فورات و دواتر بەنێو زیبان و شعێل و ناوچەکەمان کێوماڵ کرد، چەکدارەکان بەرەو لای رژێم هەڵاتن و ئەوانیش لای خۆیان هێشتیاننەوە، بۆچی؟ لەبەرئەوەی هەردووکیان لای یەکن، لەگەڵ ئێرانییەکان. هەرکاتێکیش ئەم ناوچانەمان تەواو کرد، ئەوان لە شوێنێکی دیکە سەرهەڵدەدەن و ناچارمان دەکەن بۆیان بێینەوە."
رۆژی 30ی ئاب، هەسەدە رایگەیاند، ئەبو خەولە لە فەرماندەییکردنی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور لادراوە و چوار هاوکاریشی لە ریزەکانی هێزەکە دوورخراونەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی "لە ژمارەیەک تاوان و پێشێلکاریدا تێوەگلاون، لەوانەش بەقاچاخبردنی مادە هۆشبەرەکان."
فەراشین محەممەد، شەڕڤانی لە یەکینەکانی پاراستنی ژنانی هەسەدە گوتی، "بەکرێگیراوەکان کە لای رژێمەوە هاتبوون، کشانەوە و کاتێک ئۆپەراسیۆنەکان دەستیانپێکرد، ئەوان هەڵاتن، بەڵام ئێمە دوایانکەوتین و ژمارەیەکمان دەستگیرکردن."
دێرەزوور کە بە نەوت دەوڵەمەندە، هاوسنوورە لەگەڵ عێراق. زۆربەی دانیشتووانی پارێزگاکە عەرەبن. هەسەدە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی چەمی فوراتی کۆنترۆڵ کردووە. بەشی رۆژئاوای پارێزگاکەش لەژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانە.