ئافرەتانی عەفرین.. رفاندن، بێسەروشوێنکردن و دۆزینەوەیان لە بارەگاکاندا

 
رووداو دیجیتاڵ
 
تادێت رووداوەکانی رفاندن و بێسەروشوێنکردنی ئافرەتانی شاری عەفرین، لە رۆژئاوای کوردستان زیاتر دەبێت. داواکاریی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەو ئافرەتانە، هێشتا هیچ کاردانەوەیەکی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام گرتەی ڤیدیۆیی ئافرەتانی بێسەروشوێن لە بارەگای فیرقەی حەمزەدا لە عەفرین، شۆکێکی گەورەی بەرهەمهێنا، بێئەوەی جوڵەیەکی بەرچاو بەئاراستەی نەهێشتنی مەترسییەکانی رفاندن دروست بکات.
 
لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا لە دوای لەشکرکێشی تورکیا بۆ ناو شاری عەفرین لە شوباتی 2018دا، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا کە تورکیا ناوینا 'چڵە زەیتوون'، بەخێرایی هەواڵی کاری تاوانکارانەی میلیشیا سوورییە پشتگیریکراوەکانی تورکیا بڵاوبووەوە. لە نێو ئەو تاوانانەدا کە باسکران، ئەشکەنجەدان، بێسەروشوێنکردن، دەربەدەرکردن و بڕینی کارەبا و ئاو و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی خەڵک، زۆرترینجار دووبارە بوونەوە.
 
ئەم هەواڵانە کە دەگەیشتنە گوێی جیهان، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی تورکیا بۆ ناوچەکانی دیکەی سووریا، کزبوون. فۆکەسی میدیاکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەسەر شارەکە لاچوون، ئەوەش رێگەی خۆشکرد بۆ پێشێلکاریی زیاتری ئەو میلیشیایانە، لەسایەی نەبوونی یاسادا.
 
ئافرەتە ونبووەکانی عەفرین
 
ئەو رووداوانەی لە شاری عەفرین بەسەر ئافرەتاندا دێن، سەرنجی چەندین ناوەند و توێژەری بۆ خۆی راکێشاوە. ئەو توێژەر و ناوەندانە لە کارکردن بەردەوامن بۆ گوشار دروستکردن لەپێناو رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە، بەڵام تائێستا دۆخەکە هەروەک خۆی بەردەوامە.
 
میگان بۆدیت، توێژەری کۆمەڵناس، ماڵپەرێکی بەناوی 'ئافرەتە ونبووەکانی عەفرین' کردووەتەوە، ئەو ئاشکرایکردووە ساڵی 2018، میلیشیا پشتگیریکراوەکانی تورکیا 52 ئافرەتیان لە عەفرین رفاندووە، تاوەکو ئابی ئەمساڵیش، ژمارەی ئافرەتە رفێنراوەکان لەو شارەدا گەیشتووەتە 82 ئافرەت.
 
بۆدیت قسەی بۆ ماڵپەری "ئەحوالی تورکیا" کردووە، ئەو دەڵێت "ئەو دۆخە، ژینگەیەکی نەگونجاو بۆ ژیانی دروستکردووە، ئەو داگیرکارییە نایاساییە بووەتە هۆکاری بێئومێدبوونی دانیشتووانی شارەکە".
 
تورکیا ساڵی 2018، بەبیانووی بوونی هێزەکانی هەسەدە لەسەر سنوورەکانی، هێرشی کردە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، بەشێکی ئەو ناوچەیەی دابڕی و کردیە ناوچەی ئارام، لە کاتێکدا هێرشەکەی تورکیا لەلایەن چەندین وڵاتەوە رەخنەی لێگیرا، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو. ئەنقەرە پێیوایە هێزەکانی سووریای دیموکرات کە پێکهاتەی سەرەکی ئەو هێزانە، یەکینەکانی پاراستنی گەلن، باڵی پەکەکەیە لە سووریادا.
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە هاوپەیمانی تورکیایە لە پەیمانی ناتۆ، هاوبەشی هێزەکانی سووریای دیموکراتە لە دژی داعش. ئەوە بووەتە دەستەبەر بۆ مانەوەی ناوچەیەکی بەرچاوی سووریا، لە ژێر دەستی هەسەدە و سەقامگیرییەکی باش لە رۆژئاوای کوردستان.
 
میگان بۆدیت، دەرچووی زانکۆی جۆرج تاونە، ئەو توێژینەوە لە بارەی بزووتنەوەی خانمانی کورد لە سووریا دەکات. کاتێک تورکیا عەفرینی داگیرکرد، ئەو بڕیاریدا فۆکەسی کارەکانی خۆی بخاتە سەر ڕفاندنی ئافرەتان لە عەفرین. دواتر پێگەیەکی ئەلیکترۆنیشی بۆ کارەکانی کردەوە.
 
رفاندن و بەشوودانی زۆرەملێ
 
بۆدیت ماوەیەکی بەرچاوە کار لەسەر دۆسێ جیاوازەکانی بێسەروشوێن بوون و دیارنەمانی خانمە عەفرینییەکان دەکات. ئەو دەڵێت: "راپۆرتی بێزارکەر دەبینین لەبارەی رفاندنی ئافرەتانەوە، لەگەڵ ناچارکردنیان بە هاوسەرگیریکردن لەگەڵ ئەندامانی گرووپە چەکدارییەکان. هەروەها رووبەڕووبوونەوەی ئەشکەنجە و تووندوتیژی سێکسی و هەموو جۆرە تاوانێک، بەڵام هیچ بایەخ بە رووداوەکان نەدەدرا، بۆیە کردنەوەی سەنتەرێک بۆ سۆراخکردن و بەدۆکۆمێنتکردنی رووداوەکانی رفاندن لە شارەکەدا، پێویست بوو".
 
هێزەکانی تورکیا تۆمەتبارن بەئەنجامدانی چەندین تاوان لە شاری عەفرین و باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا. تورکیا بە پاکتاوی نەژادی و دەرکردنی هەزاران دانیشتووی کورد و کوردی ئێزدی، لەو ناوچانە تۆمەتبار دەکرێت کە لە ژێر دەستی هێزەکانی و میلیشیا پشتگیریکراوەکانیدایە.
 
توێژەرە ئەمریکییەکە، بەراورد لە نێوان دۆخی ئافرەتان لە ناوچەکانی ژێر دەستی تورکیا و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستاندا دەکات. ئەو دەڵێ ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاڤا لە ساڵی 2014دا زنجیرەیەک یاسای چاکسازی بۆ پاراستنی زیاتری ئافرەتان دەرکرد، لە نێویدا بەتاوان ناساندنی تووندوتیژی سێکسی و دەستەبەری ئامادەبوونی چاودێری مافی مرۆڤ لە دادگاکان و رێوشوێنە یاساییەکاندا.
 
لە کاتێکدا وەک ئەو دەڵێت: "هەموو ئەو یاسایانە لە ناوچەکانی ژێر دەستی میلیشیاکانی تورکیادا نین". ئاماژەی بەوەداوە کە لەوێ، زۆر کەم روودەدات، پیاوانی تاوانکار بە تووندوتیژی دژی ئافرەتان، بچنە بەردەم دادگا.
 
ئەو دەڵێت "ئەو پیاوانە بەئازادی لە عەفریندا دەسووڕێنەوە". ئەو دۆخە لەوانەیە رەنگدانەوەی دۆخی ئافرەتان بێت لە تورکیادا.
  
کۆمەڵەی "وی ویل ستۆپ فیمیسادز" کە چاودێری دۆخی ئافرەتان دەکات لە تورکیا دەڵێ، لە ساڵی 2011دا ژمارەی ئافرەتانی کوژراو لە تورکیا 121 کەس بووە، بەڵام لە ساڵی 2019دا ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ 474 ئافرەت. لە کاتێکدا وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاشکرایکردووە رێژەی تووندوتیژی دژی ژنان لە 2015ەوە تائێستا 50 لەسەد زیادیکردووە.
 
چەند هەفتەی رابردوو، حکومەتی تورکیا گفتوگۆی دەکرد لەبارەی ئەگەری پاشەکشەکردن لە رێککەوتنی ئیستەنبوڵ، تایبەت بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتان کە بە گەورەترین رێککەوتنی نێودەوڵەتی دادەنرێت، بۆ دژایەتیکردنی تووندوتیژی دژی ئافرەتان. لە کاتێکدا یاسای تورکیا، سزای سووکی پیاوانی ئەنجامدەری تووندوتیژی دژی ئافرەتان دەدات.
 
173 دۆسێی رفاندن
 
بۆدیت داتاکانی بەردەستی بۆ ماڵپەری "ئەحوال" ئاشکراکردووە و رایگەیاندووە، لە سەرەتای لەشکرکێشی تورکیاوە بۆ سەر عەفرین، 173 دۆسێی رفاندن تۆمارکراون. زۆرینەی قوربانییەکان ئافرەتانی کوردن. لەو دۆسێیانەدا کە لە 132 راپۆرتدا کۆکراونەتەوە، 51 راپۆرتیان، ئەنجامدەری تاوانەکان دەدەنە پاڵ سوپای مەدەنی و پۆلیسی مەدەنی، کە هەردووکیان لەلایەن سوپای تورکیاوە پشتگیری دەکرێن.
 
فیرقەی حەمزە، کە لایەنگری تورکیایە، بەرپرسی زۆرینەی تاوانەکانی دژ بە ئافرەتانی عەفرینە و لە 15 دۆسێی رفاندنی ئافرەتانەوە گلاوە. ماوەیەک لەمەوپێش "سکای نیوز"، سەردانی ئەو هێزە سەربازییە نوێیەی لە حەلەب کرد و پێشانیدا لە بارەگای هێزەکەدا، ئاڵای تورکیا لە پاڵ ئاڵای ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا، هەڵکراوە.
 
بۆدیت پێیوایە، تێڕوانینی گشتی سیاسەتمەدارانی ئێستای تورکیا لەبارەی کورد و ئافرەتانەوە، رەنگدانەوەی لە عەفریندا هەیە.
 
ئەو دەڵێت: "پێموایە پەیکەری دەسەڵات لە تورکیادا، رۆڵی زۆری لەوەدا هەیە، لەگەڵ نەبوونی سزا و چاودێریدا". ئاماژەی بەوەداوە کە لە تشرینی دووەمی رابردوودا، میلیشیاکانی تورکیا هەفرین خەلەف، سیاسەتڤانی کوردیان کوشت، تورکیاش پرۆسەکەی بە کارێکی سەرکەوتووی قەڵاچۆکردنی تیرۆر، ناوبرد.
 
بۆدیت دەڵێ "تورکیا بەو شێوەیە رووداوەکە دەبینێت لە کاتێکدا ئەو کەسە پێشتر لە ژیانیدا چەکی بەدەستەوە نەگرتووە". 
 
گەڕانەوەی فۆکەس بۆ سەر ئافرەتانی عەفرین
 
گرژییەکانی چەند هەفتەی رابردووی تورکیا و یۆنان کە تائێستاش بەردەوامن، لەسەر سنوورە ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی، جارێکی دیکە فۆکەسی بردەوە سەر پێشێلکارییەکانی میلیشیاکانی تورکیا لە عەفرین. لە مانگی ئایاردا، 20 رێکخراوی مافپارێزی سووریا، نامەیەکی کراوەیان ئاراستەی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی مافی مرۆڤی سەر بە رێکخراوەکە کرد و گوتیان، تاوانەکان دژ بە خەڵکانی سڤیل گەیشتووەتە ئاستی گەورە.
 
مانگی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لیکۆڵەرە سەربازییەکانی ئاگادارکردەوە کە دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، لەو ناوچانەدا کە لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادان "هیچ کەسێکی دەستگیرنەکردووە و بەدواداچوون و لێپێچینەوەی لەگەڵ هیچ تێوەگلاوێکی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکاری لە یاسای ململانێ چەکدارییەکان، نەکردووە".
  
چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە ئەمریکا، سینەم محەممەد، وێنەی ئارین دالی حەسەنی پێشچاو خست کە ئافرەتێکی ئێزیدییە و فیرقەی 'حەمزات' لە شوباتی رابردوودا رفاندوویانە و داوای سەرانەیان کردووە، لە بەرامبەر ئازادکردنیدا. ژیانی ئارین لەژێر هەڕەشەدایە، چونکە بەر لە ساڵێک منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ کە نەخۆشیی 'داون سیندرۆم'ی هەبوو و رفێنرا، دوای ئەوەی ماڵباتەکەی نەیانتوانی 10 هەزار دۆلار سەرانە بۆ ئازادکردنی بدەن، بە کوژراوی دۆزرایەوە.
 
ماڵپەرەکە باس لە چارەنووسی رفێنراوەکان دەکات. ئاشکرایکردووە کە تورکیا رێگەنادات گەیشتن بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لە سووریادا ئاسان بێت، هەر بۆیە تائێستا دیار نییە ئەو ئافرەتانەی رفێنراون، ماون یان مردوون، لە ناوچەکەدا دەستەبەسەرن یان گواستراونەتەوە بۆ ناوچەی دیکەی سووریا، یان وەک هەندێک سەرچاوە دەڵێن، لە تورکیا دادگایی دەکرێن.
 
بۆدیت دەڵێ: "تاکە کەس کە چارەنووسی ئەوان دەزانێت، دەسەڵاتدارانی عەفرینن، واتە سوپای نیشتمانیی سووریا و حکومەتی تورکیا و حکومەتی سڤیلی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، ئێمە پێویستیمان بە گوشاری زیاتر هەیە لەبابەتی لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوەدا".
 
ئاشکرابوونی تاوانێک بەڕێکەوت
 
رۆژی 8ی ئایاری ئەمساڵ، بەڕێکەوت تاوانێکی گەورەی میلیشیا پشتگیریکراوەکانی تورکیا لە عەفرین ئاشکرا بوو. کاتێک لە بارەگای فیرقەی حەمزەدا، چەندین ئافرەت دۆزرانەوە کە ماوەیەک بوو بێسەروشوێن بوون.
 
رێکخراوی 'سووریەکان لەپێناو راستی و دادپەروەریدا' رۆژی 3ی مانگی ئاب، راپۆرتێکی بەتەواوی وردەکارییەکانەوە، لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە. رێکخراوەکە ئاشکرایکردووە تاوانی رفاندنی ژنەکان بەڕێکەوت ئاشکرا بووە.
 
'سووریەکان لەپێناو راستی و دادپەروەریدا' لە راپۆرتەکەیدا دەڵێ: "رۆژی 28ی ئایاری 2020، لە بارەگای فیرقەی حەمزە، سەر بەسووپای نیشتمانیی سووریای سەر بە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، کە تورکیا پشتگیریدەکات، 8 ئافرەتان بەڕێکەوت دۆزرانەوە، ئەمەش کاتێک ژمارەیەک کەسی تووڕە، هەڵیانکوتایە سەر بارەگایەکی فیرقەکە لە شاری عەفرین، بەهۆی دەستدرێژی پێشتری ئەندامانی ئەو گرووپە بۆ سەر دووکانەکانی ناو شارەکە، کە بەهۆیەوە پێنج کەس برینداربووبوون".  ئاشکرایکردووە "لەکاتی چوونە ژوورەوەی کەسە تووڕەکاندا بۆ ناو بارەگای هێزەکە، هەشت ئافرەتی گیراو و منداڵێکی شیرەخۆرە دۆزرانەوە، منداڵەکە لە کاتی دەستبەسەربوونی دایکیدا لە بارەگاکەدا، لەدایکبووبوو".
 
رێکخراوەکە ئاشکرایکردووە ئەو گیراوانە، دەبوو بدرێنە دەست دەزگای 'پۆلیسی سەربازی' سەر بە سوپای نیشتمانی تا ببرێنە بەردەمی دادگا، بەڵام پۆلیس رادەستی چەکدارەکانی فیرقەی حەمزەی کردوونەتەوە و ئەوانیش لای خۆیان گلیانداونەتەوە.
 
گیراوەکان کێبوون؟
 
راپۆرتی رێکخراوەکە کە وردەکاری زۆری لەبارەی رووداوەکەوە ئاشکراکردووە، دەڵێ لێکۆڵینەوەی تیمەکانی، توانیویانە ناسنامەی ئافرەتەکانی ناو بارەگاکەی فیرقەی حەمزە ئاشکرا بکەن. رێکخراوەکە بۆ ناسینەوەی ئافرەتەکان، پشتی بە ڤیدیۆیەکی تۆمارکراوی ناو بارەگاکە بەستووە کە بڵاوکراوەتەوە، ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بەپێی زانیاری هەندێک کەس، سێ ئافرەتی دیکەش لە نێو هەمان بارەگادا هەبوون، بەڵام لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەرنەکەوتوون.
 
ئافرەتەکان وەک ئەوەی رێکخراوەکە ئاشکرایکردووە بریتین لە "لۆژین عەبدۆ، رۆژین عەبدۆ، رۆشان ئامۆنی، هەیفا جاسم، نورۆژ عەبدۆ، رۆکەن مەنلا، ئارین دەلی و نادیە سلێمان". کە حەوتیان کوردن  و یەکێکیان عەرەبە.
 
لۆژین و رۆژین کوردن، لە حوزەیرانی 2018دا، لە ماڵەکەی خۆیاندا لەگەڵ باوکیاندا دەستگیرکراون. روکەنیش کە کوردە لە کاتی دەستگیرکردنیدا لەگەڵ کاوە جەمالی هاوسەری لە ئەیلوولی 2018دا، تەمەنی 27 ساڵ بووە و دووگیانبووە، هەر لە بەندیخانەکەی فیرقەی حەمزەدا، منداڵەکەی بووە.
 
بەپێی هەمان راپۆرت، رۆشانیش کوردە و لەدایکبووی 1976ە، لەگەڵ سێ کەسی دیکەی ماڵباتەکەیدا رۆژی 9ی حوزەیرانی 2018 دەستگیرکراون. ئەندامانی فیرقەی حەمزە داوایان لە کەسوکارەکەی کردووە بڕی 15 هەزار دۆلار بدەن بۆ ئازادکردنی، بەڵام ماڵباتەکەی پارەکەیان پێنەدراوە، لە کاتێکدا سێ ئەندامەکەی دیکەی هەمان ماڵبات، تائێستا بێسەروشوێنن.
  
نورۆژ عەبدۆش کوردە و لەدایکبووی 2001ە، لە کاتی جیاوازدا، برایەکی نوڕۆژ بەناوی محەممەد و باوکی بەناوی ئەنوەر بەکر، بەهەمانشێوە دەستگیرکراون، ئەوان لە ماوەی جیاواز لە یەکتری ئازادکراون و نورۆژ ئازاد نەکراوە.
 
نادیە سلێمانیش کوردە و تەمەنی 20 ساڵە، ئەو لە کاتێکدا بۆ سۆراخی هاوژینە بێسەروشوێنەکەی لەگەڵ دوو ناسیاریدا، رووی لە ئەعزاز کردووە، لە رێگادا دیار نەماوە و دەرکەوتنەوەی لە بارەگای فیرقەی حەمزە، دووپاتکردنەوەی بەزیندوو مانەوەی ئەو بوو.
 
هەیفا جاسم عەرەبە و بەر لە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین پەرستار بووە لە نەخۆشخانەی عەفرین. ئارین دلیش کوردە و تەمەنی 21 ساڵە، لە شوباتی 2020دا دەستگیرکراوە و لەوکاتەوە بێسەروشوێن بووە.
 
گیراوە بێسەروشوێنەکانی دیکە
 
رێکخراوی "سوورییەکان لەپێناو راستی و دادپەروەریدا" لەهەمان راپۆرتدا، ئاماژەی بە دۆسێی چەندین گیراوی دیکە کردووە کە پێشتر لەلایەن سوپای نیشتمانی سووریا (پشتگیریکراوی تورکیا)وە دەستگیرکراون و تائێستا بێسەروشوێنن.
 
رێکخراوەکە دەڵی لەسەرەتای 2020 تاوەکو حوزەیرانی هەمان ساڵ، بەهاوکاری چالاکڤانانی ناوخۆیی، ئەوەمان بۆ دووپات بووەتەوە کە تەنیا لە ناوچەی عەفریندا 21 کەس دەستگیرکراون، بەبێئەوەی هیچ تاوانێکیان ئاراستەکرابێت، یان شوێنی دەستگیرکردنەکانیان بەکەسوکارەکەیان گوترابێت.
 
رێکخراوەکە دەڵێ ژمارەیەک لەو ئافرەتە بێسەروشوێنانە، پاش پارەدانی کەسوکارەکانیان ئازادکراون، بەڵام هێشتا چارەنووسی چواریان دیار نییە.
  
فیرقەی حەمزە، لە 24ی نیسانی 2016 دروستکراوە، پاش یەکخستنی پێنج لیوای ناوچەی باکووری حەلەب. فیرقەکە سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە و لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێت. فیرقەکە لە چوارچێوەی فەیلەقی دووی سەر بە سوپای نیشتمانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا کاردەکات. فیرقەکە گرووپێکی ئیسلامیی چەکدارە و بەشداری لە پرۆسەکانی وەک 'قەڵغانی فورات' و 'چڵە زەیتوون' و 'کانی ئاشتی' کردووە، هەموو ئەو پرۆسانەش هێزە سەربازییەکانی تورکیا، لە ناو خاکی سووریادا ئەنجامیانداوە بەهاوبەشی میلیشیا سوورییەکان.
 
بێسەروشوێنبوونی 250 ئافرەت
 
لە دوای رووداوەکەی بارەگای فیرقەی حەمزە، 20 رێکخراوی جیاواز لە رۆژئاڤای کوردستان، بڵاوکراوەیەکیان بۆ سەرکۆنەی مامەڵەی ئەو هێزانە و رووداوەکە کرد.
 
حوسێن نەعسۆ، ئەندامی دەستەی یاسایی کورد، کە رێکخراوەکەی لە نێو 20 رێکخراوە پرۆتیستۆکارەکەدایە، لە ئەڵمانیاوە قسەی بۆ 'ئیندیپێندێنت'ی عەرەبی کردووە و ئاشکرایکردووە دەستە یاساییەکەی ئەوان، زیاتر لە 250 دۆسێی رفاندنی کچان و ئافرەتانی کوردیان دۆکۆمێنت کردووە، کە تائێستا وەک ئەو دەڵێ "چارەنووسی دەیانیان دیار نییە". دووپاتیدەکاتەوە رووداوەکەی ناو بارەگاکەی حەمزە، راستیی هەموو دۆسێیەکان ئاشکرا دەکات.
 
نەعسۆ ئاشکرایکردووە ئەوان کوشتنی بەئەنقەستی 15 ئافرەتیان دۆکۆمێنت کردووە کە تەمەنیان لەسەرووی 70 ساڵەوە بووە.