رووداو دیجیتاڵ
بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراو ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارى ئەعزازى سووریا تەقییەوە، بەهۆیەوە 9 کەس کوژران.
رێکخراوى بەرگرى شارستانى سوورى سەر بە ئۆپۆزیسیۆنى ئەو وڵاتە بڵاوی کردەوە، تەقینەوەکە لە دەروازەى شارى ئەعزاز روویداوە کە لەژێر دەسەڵاتى ئۆپۆزیسیۆنى ئەو وڵاتەیە و دەکەوێتە باکوورى پارێزگارى حەلەب، لە تەقینەوەکەدا جگە لە کوژرانی 9 کەس، 11ـی دیکەش بریندار بوون.
ئەو رێکخراوە لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە کوژراوەکان ناسنامەیان نەزانراوە.
پۆلیسی سەربازیى شارى ئەعزاز کە سەر بە ئۆپۆزیسیۆنە، گەمارۆی شوێنى تەقینەوەکەى داوە و رێگەى نێوان ئەعزاز و شارى عەفرینى رۆژئاڤاى کوردستانى داخستووە.
روانگەى سوورى بۆ مافەمانى مرۆڤ رایگەیاند: ژمارەى کوژراوان 10 کەسە، چواریان چەکدارى سوپاى نیشتیمانیی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنن، 13 کەسى دیکەش بریندار بوون.
ئەمە دووەم تەقینەوەى لەو جۆرەیە لە مانگى ئادارى رابردووەوە لە ئەعزاز رووبدات. لە تەقینەوەی یەکەم حەوت کەس کوژران و نزیکەى 30 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەعزاز لەسەر سنوورى تورکیایە، 50 کیلۆمەتر لە باکوورى شارى حەلەب و پێنج کیلۆمەتر لە دەروازەى بابولسەلامە لەگەڵ تورکیا دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ