هەسەدە: لە دێرەزوور هێرشدەکرێتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی هەسەدە دەڵێت، لە دێرەزوور بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکراوەتەسەر هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و هەسەدە لە کێڵگەی نەوتیی عومەر، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان "هێرشەکە شکستی پێهێنراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
فەرهاد شامی، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی هەسەدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ چوارشەممە "کاژێر 10:15 بە کاتی سووریا هێرشکرایە سەر هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و هەسەدە".
لەبارەی هێرشەکەوە، چاودێری مافی مرۆڤی سووریا دەڵێت، "چالاکڤانەکانمان گوزارشت لە هێرشێک بە درۆن دەکەن کە پەیوەندیی بە گرووپی نزیک لە ئێرانەوە هەیە".
چاودێری مافی مرۆڤی سووریا ئاماژە بەوەشدەدات، "هێرشەکە لەلایەن سیستەمی زەوینی دژە مووشەک بەرپەرچدراوەتەوە و، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی گیانلەدەستدان نییە".