رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا راگەیێندراوێکی لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی چەند رۆژی رابردووی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هەواڵی زۆر نیگەرانکەر" سەبارەت بە کوشتنی خەڵکی سڤیل هەیە.
گێیر ئۆ. پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا نیگەرانیی خۆی بەهۆی هەواڵەکانی پێکدادانی تووند و کوشتن لە ناوچە کەنارییەکانی ئەو وڵاتە راگەیاند، کە لەنێوان هێزەکانی دەسەڵاتی کاتیی سووریا و ئەو لایەنانەی کە لایەنگری رژێمی پێشوون روویداوە، "لەگەڵ هەواڵی زۆر نیگەرانکەر سەبارەت بە کوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل."
نێردە تایبەتەکەی UN بۆ سووریا داوای دانبەخۆداگرتنی لایەنەکان دەکات و دەڵێت، "لەو کاتەدا کە دۆخەکە ناسەقامگیرە و هێشتا خەریکین راستییە وردەکان دیاری دەکەین، ئاشکرایە پێویستییەکی دەستبەجێ هەیە بۆ دانبەخۆداگرتن لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە،" داواش دەکات هاووڵاتییان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بپارێزرێن.
پێدەرسن داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە خۆیان بەدوور بگرن لەو کردەوانەی، کە "دەکرێت گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر بڵاوبکەنەوە، شەڕ و ناکۆکییەکان تووندتر بکەن، ئازاری کۆمەڵگە کاریگەربووەکان زیاتر بکەن، سووریا ناسەقامگیر بکەن و، گواستنەوەی سیاسی باوەڕپێکراو و گشتگیر بخەنە مەترسییەوە."
ئەمشەو ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا داوای لە چەکدارانی عەلەوی کرد "خۆیان بەدەستەوە بدەن، پێش ئەوەی زۆر درەنگ ببێت." داوایشی لە هێزەکانی سەر بە حکومەتی وڵاتەکەشی کرد، لە دیلەکان نەدەن و پێشێلکارییەکان کۆنترۆڵ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ