سووریا: ئیسرائیل فڕۆکەخانەی حەلەبی بۆردوومان کرد و لەکاری خست

رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی فەرمیی سووریا رایگەیاند، فڕۆکەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی شاری حەلەبیان بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە فڕۆکەخانەکە لەکارکەوت.
 
ئاژانسی فەرمیی سووریا (سانا) رۆژی سێشەممە، 7-3-2022، رایگەیاند: "لە کاژێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا ئیسرائیلی دووژمن دەستدرێژییەکی ئاسمانی ترسنۆکانەی لە دیوی دەریای نێوەڕاستەوە لە رۆژئاوای لازقییە کرد و، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبی کردە ئامانج، کە بەهۆیەوە فڕۆکەخانەکە لەکار وەستا".
 
بەپێی ئاژانسەکە لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکە، هێزی بەرگریی سوورریا بەرپەرچی هێرشەکەی داوەتەوە، بەبێ ئەوەی زانیاری بدات سەبارەت بە ژمارەی ئەو مووشەکە ئیسرائیلییانەی خستوویانەتنەوە خوارەوە.
 
سەرچاوە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل زیانێكی گەورەیان بە رێڕەوی فڕۆکەخانەکە گەیاندووە.
 
تائێستا زانیاری لەبارەی زیانە مرۆییەکانەوە نییە و بەرپرسانی ئیسرائیلیش هیچ روونکردنەوەیەکیان لە بارەی هێرشەکە نەداوە.
 
نزیکەی 10 ساڵە، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ناوە ناوە هێرش دەکاتە سەر سووریا بە دیاریکراویش دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەری و شوێنی گردبوونەوەی میلیشیای چەکداری، کۆگای چەک و توونێل و رێگەی گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی، دەکاتە ئامانج.
 
لە ساڵی رابردووەوە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی سووریا چڕ بوونەتەوە، کە ئامانجیەتی "رێگری لە ئێران بکات لەوەی لەڕێگەی ئەو فڕۆکەخانانەوە چەک و هاوکاری بە هاوپەیمانەکانی لە سووریا و لوبنان بگەیەنێت".
 
بەدەگمەن ئیسرائیل ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام بەردەوام لەڕێگەی بەرپرسە باڵاکانییەوە ئەو جۆرە هێرشانە بە رێگری لە ئێران بۆ زیادکردنی هەژموونی سەربازی لە سووریا وەسف دەکات.
 
فڕۆکەخانەی حەلەب کە بە فڕۆکەخانەی نەیرەبیش دەناسرێت، دووەم گەورەترین فڕۆکەخانەی سووریایە لەدوای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق. بە دووریی 10 کیلۆمتەر لە ناوەندی حەلەب دووە و لەسەر رووبەری سێ هەزار و 44 مەتردووجا دروستکراوە.