بەشێک لە هاونیشتمانییانی رووها شەوان لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان دەخەون


رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای بوومەلەرزەکەوە بەشێک لە هاونیشتمانییانی رووها لە باکووری کوردستان لە نزیک شوێنی رووداوەکە لە کەشێکی ساردی بەفراویدا چاوەڕێی کاری تیمەکانی فریاگوزاری دەکەن و بەهیوان ئازیزەکانیان بە زیندوویی بدۆزنەوە. بەشێک لە هاونیشتمانییان بەهۆی ترس لە دووبارەبوونەوەی بوومەلەرزە، لەنێو ئۆتۆمبێل دەخەون.
 
حاجی بوڵووت، کەسوکاری قوربانییەکان دەڵێت، "شەش کەسی ئێمە لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندان. براکەم، خێزانی و دوو منداڵی لەگەڵ دایک و باوکم. نزا دەکەم لە خوا بەڵکو ئینشاڵڵا سەلامەت بن."
 
ئەمین گونەیش، هاونیشتمانییەکی دیکەی کەسوکاری قوربانییەکانە و باس لەوە دەکات کە ژمارەیەک لە کەسە نزیکەکانی هێشتا لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندان و چاوەڕێی کاری تیمەکان دەکەن بەڵکو بە زیندوویی بیاندۆزنەوە.
 
شاری رووهای باکووری کوردستان یەکێکە لەو شارانەی تورکیا و باکووری کوردستان کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە دەیان باڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوون تێیدا رووخا و بەپێی دوایین ئامار، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 95 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی دوو هەزار کەسی دیکەیش بریندار بوون.
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاری بەردەوامن لە گەڕان بە دوای بێسەروشوێنبووانی بوومەلەرزەکە.
 
شەنای پۆڵات، کەسوکاری قوربانییەکان بە رووداوی گوت، "شەش کەسمان مردوون، یەکێکیان دەرهێناوە و ئەوانی دیکەیش هێشتا لەژێر باڵەخانە رووخاوەکەن."
 
ئیبراهیم گونبای، هاونیشتمانییەکی دیکەی کەسوکاری قوربانییەکانە و دەڵێت، "حەوت کەسی تێدا بوو، یەکێک بە سەلامەتی دەرکەوت و ئەوانی دیکەیش گیانیان لەدەستداوە." 
 
عیسمەت پۆڵات کە چەند کەسێکی هێشتا لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندان، دەڵێت، "هاتووین چارەنووسێکی کەسوکارمان بزانین، 4-5 کەسی تێدایە و لە ژێر باڵەخانەکاندا ماون کە بۆ میوانی هاتبوون."
 
لە رووها بەهۆی ترس و ئەگەری روودانی بوومەلەرزەی دیکە، زۆرینەی خەڵک لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان دەخەون و هەندێکیشیان کەسوکارەکانیان بردووەتە گوندەکان.
 
زەینل عابدین بەیازگوول، سەرۆکی شارەوانیی رووها بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوە ماونەتەوە ئەم کارەمان کردووە. ئێمە خانووەکانی دەوڵەتمان لە کۆمەڵگە وەرزشی و شوێنی پێشانگەکان و هۆڵی وەرزشی وەزارەت و شوێنی پرسەکان و باڵەخانە کولتوورییەکانی ئورفەمان بۆ لێقەوماوان دابینکردووە، هاووڵاتییانمان شەوانە لەم شوێنانە دەخەون. وەکو شارەوانی هەوڵ دەدەین هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەین."
 
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا -ئافاد کاژێر 7:30ـی ئێوارەی سێشەممە، 7-2-2023، بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە تورکیا و باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە گەیشتە چوار هەزار و 544 کەس، هەروەها 26 هەزار و 721 کەس بریندارن.