رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی حکومەتی کاتی سووریا رایگەیاند، کار بە بودجەی 2025 ناکەن کە لەلایەن رژێمی پێشوو پەسندکراوە، چونکە "کورتهێنانی زۆرە". دەشڵێت تاوەکو پەسندکردنی بودجە، کار بە یاسای یەک لەسەر 12ی بودجەی ساڵی رابردوو دەکەن.
محەممەد ئەبازید، وەزیری دارایی حکومەتی کاتی سووریا بە ئاژانسی فەرمی سووریای راگەیاند: "ئەو بودجەیەی لەلایەن رژێمی پێشووی سووریاوە بۆ ساڵی 2025 پەسندکراوە، کورتهێنانەی زۆرە و نزیکەی 12 تریلیۆن لیرەی سوورییە."
وەزیری دارایی حکومەتی کاتی سووریا رایگەیاند، لە داهاتوودا پێشنیازی زیادکردنی مووچەی خانەنشینان دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی وردبینی لە لیستەکانیانیاندا دەکرێت.
محەممەد ئەبازید ئاماژەی بەوەدا پێداچوونەوە بە سیستمی باجدا دەکەن، ئەویش بە مەبەستی کەمکردنەوەی باری دارایی لەسەر شانی باجدەران، بەتایبەتی سەبارەت بە باجی قازانجی راستەقینە و داهاتی دیاریکراو.
هەروەها دڵنیایی دا بە خاوەن چالاکییە بازرگانی و ئابووری و پیشەسازی و بازرگانەکان کە لە داهاتوودا باشبوونێکی بەرچاو لە سیستەمی باجدا دەبینن بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی کە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا پەیڕەو دەکرا.
لە سەردەمی بەشار ئەسەد دۆخی دارایی سەربازان و خانەنشینانی سوپا لەوپەڕی خراپیدا بوو، بە جۆرێک مووچەی مانگانەی هەندێک سەرباز کەمتر لە 20 دۆلار بوو، ئەمەش بە یەکێک لە هۆکارەکانی رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد دادەنرێت.
وەزیری دارایی حکومەتی کاتی سووریا هەموو خانەنشینە سەربازییەکانی پێش ساڵی 2011 مووچەی تەواوی خۆیان وەردەگرن دوای پێداچوونەوە بە ناوەکانیان. بەڵام سەربازان و خانەنشینانی سەربازیی دوای 2011 ناوەکانیان خراونەتە بەردەم لیژنەی یاسایی و مافەکان بۆ لێکۆڵینەوە، سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ مووچەکانیان.
لە سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەد دەست بەسەر ماڵ و موڵکی ئەو کەسانە داگیراوە، کە بە نەیاری رژێم دانراون. محەممەد ئابازید لەو بارەیەوە گوتی: هاوئاهەنگیی لە نێوان وەزارەتی دارایی و داد بۆ دامەزراندنی لایەنێکی تایبەت بۆ بڕیاردان لەسەر کێشەکانی مافە راستەقینە و خانووبەرەکانی هاووڵاتیان کە لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو، لەسەر بنەمای بڕیارەکانی ئەم لایەنە، ماف بۆ خاوەن مافەکان دەگەڕێتەوە."
لەماوەی 13 ساڵدا لیرەی سووری 99.8٪ـی بەهای خۆی لەدەستدا، ئەوەش هەڵاوسانێکی گەورەی لەو وڵاتە دروستکرد. هەڵاوسانی ساڵانە زیاترە لە 300٪، ئەمە خەرجییەکانی ژیانی بۆ هاووڵاتییان بەراورد بە سەردەمی پێش شەڕی ناوخۆ 20 هێندە زیاتر کردووە.
ئامارەکانی بانکی جیهانی ئاشکرای دەکەن 90٪ـی خەڵکی سووریا لە ژێر هێڵی هەژاریدان و داهاتی رۆژانەیان لە 2 دۆلار کەمترە.
سەپاندنی سزای ئابووری لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا، ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا، کەرتی وزە و بانکی و دارایی ئەو وڵاتەی ئیفلیج کرد، ئەوەش داڕمانی بەهای دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە کە بووە هۆکاری سەرهەڵدانی هەڵاوسانی 3 ژمارەیی لەو وڵاتەدا.
تاوەکو ساڵی 2023، شەڕی ناوخۆ، زیانی 120 ملیار دۆلاری لە ژێرخانی ئابووریی سووریا دا. لە ساڵی 2011ـوە تاوەکو 2023، کۆی بەرهەمی ناوخۆی سووریا 70٪ پاشەکشەی کرد.
قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی سووریا لە ساڵی 2010ـدا 385 هەزار بەرمیل بوو. تاوەکو 2023 ئەو بڕە دابەزی بۆ رۆژانە 25 هەزار بەرمیل و بەوپێیەش زیانی 50 ملیار دۆلاری بە رژێمی بەشار ئەسەد دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ