ئەردۆغان هیوا دەخوازێت گرووپە چەکدارەکانی سووریا لە پێشڕەوی بەردەوام بن

رووداو دیجیتاڵ
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هیوا دەخوازێت، گرووپە چەکدارەکانی سووریا لە پێشڕەوی دژ بە حکومەت و رژێمەکەی بەشار ئەسەد بەردەوام بن.
 
لە پاش نوێژی هەینیی ئەمڕۆ، سەرۆککۆماری تورکیا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، هێشتا وەڵامێکی ئەرێنی لە بەشار ئەسەدەوە پێنەگەیشتووە، دوای ئەوەی سەرەتای ئەم ساڵ داوای دیدار و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لێکرد.
 
لە بەرامبەردا، بەشار ئەسەد داوای کردبوو تورکیا سەربازەکانی لە خاکی سووریا بباتە دەرەوە و پشتیوانی بۆ گرووپە چەکدارەکان رابگرێت.
 
ئەردۆغان لەبارەی شەڕی گرووپە چەکدارەکانەوە لەگەڵ سوپای حکومەتی سووریا گوتی، "ئێستا ھەڵبەتە پێشڕەوییەكانی ئۆپۆزیسیۆن بەرەو ئیدلیب، حەما، حومس بەردەوامە و ئامانجیش دیمەشقە. ھیوادارین ئەم پێشڕەوییە لە سووریا بێ قەزا و بێ بەڵا بەردەوام بێت. لە ماوەی رابردوودا بانگەوازێكمان ھەبوو بۆ ئەسەد، پێمان گوتبوو كە بێت بەیەكەوە داھاتووی سووریا دیاریبكەین. بە داخەوە وەڵامێكی ئەرێنی پێنەداین. دوای ئیدلیب ئێستا حەما و حومسیش لە ژێر دەستی ئۆپۆزیسیۆندایە".
 
سەرۆککۆماری تورکیا دەشڵێت، "ئێستا بەرەو دیمەشق پێشڕەوی ھەیە. دۆخە پڕ لە كێشەكانی ناوچەكە دڵخوازی ئێمە نییە و دڵ و دەروونمان ئەمە ناخوازێت. لوبنان لە دۆخێكی خراپدایە. ھەموو لایەكی تەختی زەوی كراوە، داوای ھاوكاری دەكەن، لە كاتێكدا جیھان لە بێدەنگیدا رۆچووە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە ھاوكاریكردن".
 
دوێنێ پێنجشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کرد و رایگەیاند، "دەبێ بەشار ئەسەد بەپەلە چارەسەرێکی سیاسی بۆ رەوشی ناوخۆی وڵاتەکەی بدۆزێتەوە".
 
ئەم پەیامەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیاش لە لایەک، هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا دەستپێکردووە و تا ئێستا کۆنترۆڵکردنی ناوەندی شارەکانی حەلەب و حەمایان راگەیاندووە و لە پێشڕەویدان بەرەو کۆنترۆڵکردنی حومس.