رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە حەلەب دەڵێت، هیچ کێشە و پێکدادانێکی سەربازیی لەنێوان هێزە کوردییەکان و چەکدارانی تەحریر شامدا لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دروست نەبووە. گوتیشی: "دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە و خەڵک گەڕاوەتەوە سەر ژیانی ئاسایی".
هاونیشتمانییەک لە حەلەب، ئەمڕۆ هەینی 06-12-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە نزیکەی 300 هەزار کورد دەژین و ئێستا دۆخەکە ئارامە و هیچ کێشەیەکیان نییە".
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، نزیکەی 80%ـی کوردانی ئەو گەڕەکانەی حەلەب لە بنەڕەتدا خەڵکی عەفرینن و باپیرانیان لەکاتی پارچەکردنی کوردستاندا روویان لەو گەڕەکانە کردووە و جێگیر بوون.
ئەو هاونیشتمانییە کە لە گەڕەکی شێخ مەقسوودەوە قسەی بۆ رووداو کرد ئاماژەی بەوە کرد، هیچ کێشەیەک لە نێوان دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) و شەڕڤانانی کورد دا نییە و خەڵکی هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەش گەڕاونەتەوە سەر کاروباری رۆژانەی خۆیان.
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (پەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) هەن و هیچ بەرکەوتنێکی سەربازییان لەگەڵ چەکدارانی دەستەی تەحریر شام نەبووە.
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی، "لە حەلەب چەکدارانی تەحریر شام چوونەتە ئەو شوێنانەی پێشتر حکومەتی سووریای لێ بووە و کەسیان نەهاتوونەتە گەڕەکە کوردییەکان".
هەروەها باسی لە شەهبا کرد و گوتی، ئەو هاونیشتمانییانەی عەفرین کە لە شەهبا ئاوارەبوون، رووبەڕووی ئاستەنگی بوونەتەوە لە دەربازبوونیان لە کەمپ و ماڵەکانیان. گوتیشی: "دوو رۆژە 15 هەزار هاونیشتمانی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سوپای ئازادەوە لە شەهبا دەستبەسەر کراون و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ