هەسەدە فڕۆکەخانەی سەربازیی دێرەزووری کۆنترۆڵ کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایدەگەیێنن، سوپای سووریا "لەپڕ" لە رۆژهەڵاتی شاری دێرەزوور و دەوروبەری کشاوەتەوە و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) فڕۆکەخانەی سەربازیی شارەکەی کۆنترۆڵ کردووە.
رۆژی هەینی، 6ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاند، "هێزەکانی رژێمی سووریا و فەرماندە سەربازییەکانی گرووپەکانی پاڵپشتیکراوی ئێران لەپڕ لە دێرەزوور و دەوروبەری کشاونەتەوە و بەرەو نێوەڕاستی سووریا دەڕۆن".
ئەو پێشهاتە لەکاتێکدایە، سوپای سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە پاڵپشتیی هاوپەیمانەکانی، لەنێویاندا رووسیا "پێگەی تیرۆریستان و ئۆتۆمبێلەکانیان لە حەما دەکەینە ئامانج".
لە راگەیێندراوەکەی سوپای سووریادا هاتووە، "هێزە چەکدارەکانمان ئێستا لە باکوور و باشووری حەما بە تانک، تۆپ، مووشەک و فڕۆکە جەنگییەکانی سووریا و رووسیا تیرۆریستان دەکەنە ئامانج".
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی دەستەی تەحریری شام- هەتەشە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت، هێزەکانی سووریای دیموکراتیش چەند ناوچەیەکیان لە پارێزگاکانی دێرەزوور، رەقە و حەلەب کۆنتڕۆل کردووە.