ئەنجوومەنی ئێزدیانی سووریا: چارەنووسی ئەو ئێزدیانەی لە شەهبا ماون نادیارە

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدیانی سووریا دەڵێت، نزیکەی 32 خێزانی ئێزدی لە شەهبا و حەلەبەوە ئاوارەی حەسەکە بوون گوتیشی، ''هیچ دەستدرێژییەک نەکراوەتە سەر ئێزدیان، بەڵام لە دۆخێکی مەترسیداردان.''
 
ئەمڕۆ هەینی 06-12-2024 سەرحان عیسا، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدیانی سووریا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 09:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی کوردی ئێزدی لە شەهبا رایگەیاند: ''ئەو کوردانەی لە شەهبا ماونەتەوە، ژمارەیان کەمە و هەندێکیان ئێزدین.''
 
لە رۆژی 25ـی تشرینی دووەمەوە، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپەکانی نزیکی، هێرشیان بۆ سەر سوپای سووریا دەستپێکرد و شاری حەلەب و حەمایان گرت. سەرحان عیسا گوتی،:''بەهۆی شەڕەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە کوردەکان لە شەهبا و حەلەبەوە گەڕاونەتەوە عەفرین کە ئێزدیشیان لەنێودایە.''
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدیانی سووریا ئاماژەی بەوەدا، چارەنووسی ئەو ئێزدیانەی لە شەهبا و دەورووبەری ماونەتەوە، دیار نییە، ''بەڵام ئەندامانی ئەنجوومەنەکەمان سەردانی گوندەکانی شەهبا دەکەن، بۆ ئەوەی چارەنووسیان بزانن.''
 
زۆربەی ئەوانەی لە شەهبا ئاوارە دەبن، پێشتر لە ساڵی 2018 بەهۆی هێرشی تورکیا و  چەکدارانی سوپای نیشتمانی سووریا بۆ سەر عەفرین، روویان لە شەهبا کردبوو. 
 
بەگوتەی سەرحان عیسا، ئێستا دۆخی شەهبا تاڕادەیەک ئارام بووەتەوە،''بەڵام ناکرێت دۆخی کوردانی ئێزدی جیا بکرێتەوە، بەڵکو دۆخی ئەوانیش گرێدراوە بە دۆخی گشتیی کوردان لە ناوچەکە.''
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدیانی سووریا ئەوەشی خستەڕوو، ''تاوەکو ئێستا لەم شەڕەدا، نە لە حەلەب، نە لە شەهبا و نە لە عەفرین، هیچ دەستدرێژییەک نەکراوەتە سەر ئێزدیان و هیچ کەسێک نەکوژراوە.''
 
بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی ئێزدینا، دوو کوردی ئێزدی بە ناوەکانی مەمدوح و ئەحمەد عیسۆ لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سووریاوە کوژراون.
 
سەرحان عیسا ئاماژەی بە هاوکارییەکانی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین و دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد بۆ کوردانی ئاوارەی عەفرین و گوتی: ''زۆر چالاکانە کار دەکەن و هەوڵی گەیاندنی هاوکاری، خواردەمەنی و دابینکردنی شوێنی مانەوەی ئاوارەکان دەدەن''.
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدیانی سووریا ئەوەشی خستەڕوو، نزیکەی 30 بۆ 32 خێزانی کوردانی ئێزدی لە شەهبا و حەلەبەوە گەیشتوونەتە پارێزگای حەسەکە، ''بەڵام ژمارەی ئەو ئێزدیانەی گەڕاونەتەوە عەفرین، بە وردی بەردەست نییە.''
 
بەگوتەی سەرحان عیسا، بەر لە دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011، نزیکەی 150 هەزار کوردی ئێزدی لە سەرانسەری رۆژئاوای کوردستان هەبوون، ''بەڵام ئێستا ژمارەیان زۆر کەم بووەتەوە و زۆربەیان ئاوارەی لوبنان، هەرێمی کوردستان، تورکیا و وڵاتانی دیکە بوون.''
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدییانی سووریا گوتی: ''بەر لە کۆنترۆڵکردنی حەلەب لەلایەن چەکدارانی دەستەی تەحریر شام، نزیکەی پێنج هەزار ئێزدی لە ناوچەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و سریانی شارەکە دەژیان، لە گوندەکانی عەفرینیش بەداخەوە ژمارەیەکی کەم ئێزدی ماون و بەگشتی دۆخی کوردانی ئێزدی مەترسیدارە.''
 
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا ئاماژە بەوە دەکەن، تاوەکو ئێستا لە پێکدادانەکانی سوپا و دەستەی تەحریری شام، 826 کەس کوژراون، لەنێویاندا 111 هاووڵاتی سیڤیل هەن.