رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی تەحریری شام کە پێشتر خۆی دەرنەدەخست و لە دوورەوە سەرۆکایەتیی دەستەکەی دەکرد، ئێستا لە بەرەکانی جەنگ لەگەڵ چەکدارەکانی دەردەکەوێت. رایدەگەیێنێت، ئامانجییانە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە دەسەڵات دووربخەنەوە.
ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایگەیاند، "ئامانجمانە کۆتایی بە رژێمی بەشار ئەسەد بهێنین و دەمانەوێت حکومەتێک لەسەر بنامەی دامەزراوە دروست بکەین، کە لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێت".
جۆڵانی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ میدیا ئەمریکییەکە لە شوێنێکی نادیاری سووریا کردووە و تێیدا دەڵێت: "کاتێک دێتە سەر باسی ئامانجەکان، ئامانجی شۆڕش هەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە کە لابردنی ئەو رژێمەیە؛ ئێمە مافی خۆمانە هەموو ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە بەکاربهێنین".
سەرۆکی هەتەشە ئاماژەی بە دۆخی ئێستای حکومەتەکەی بەشار ئەسەد کرد و گوتی، "تۆوی شکستی رژێم لەنێوخۆیدا بووە... ئێرانییەکان هەوڵیان دا رژێمەکە زیندوو بکەنەوە و کاتیان بۆ بکڕن، دواتریش رووسەکان هەوڵیان دا پاڵپشتی بکەن، بەڵام راستی هەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە: ئەو رژێمە مردووە".
لە 25ـی مانگی رابردووەوە، هێرشی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام بۆ سەر حکومەتی سووریا دەستیپێکردووە. هێزەکە زۆر بە خێرایی پێشڕەوییان بەرەو حەلەب کرد و لەماوەی دوو رۆژدا شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد، دوێنێ شەویش کۆنتڕۆڵکردنی حەمایان راگەیاند و ئێستا بەرەو حمس لە پێشڕەویدان.
گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە چەندین گرووپ پێکهاتوون کە خاوەنی ئایدۆلۆژیای جیاوازن، بەڵام هەموویان لەسەر رووخاندنی حکومەتی ئێستای سووریا هاوڕان.
دەستەی تەحریری شام لە ساڵی 2011 دامەزرا. پێشتر دەستەکە ناوی (بەرەی نوسرە) بوو و سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو، بەڵام لە ساڵی 2017 جیابوونەوەی لە قاعیدە راگەیاند و ناوی بۆ دەستەی تەحریری شام گۆڕی.
هەرچەندە دەستەکە دەیەوێت خۆی لە رێکخراوی قاعیدە بەدوور بگرێت، بەڵام ئەمریکا لە 2018 خستییە نێو لیستی تیرۆری وڵاتەکەی و 10 ملیۆن دۆلاریشی بۆ کوشتنی جۆلانی دانا.
سەرهەڵدان لە سێبەرەوە
جۆلانی پێشتر خۆی دەرنەدەخست و لە دوورەوە سەرپەرشتیی دەستەکەی دەکرد، ئێستا خۆی راستەوخۆ سەردانی بەرەکانی شەڕ دەکات.
سەرۆکی هەتەشە ئێستا کەمتر وەکو کەسێکی سەربازی دەردەکەوێت و دەیەوێت زیاتر وەکو سەرکردەیەکی سیاسی هەڵسوکەوت بکات.
جۆلانی ناوە راستەقینەکەی ئەحمەد حوسێن شەڕعە دەڵێت، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو، بە چەندین گۆڕانکاریدا تێپەڕیوە و لەوبارەیەوە دەڵێت، "کەسێک لە بیستەکانی تەمەنی بێت، تێڕوانینی لە کەسێکی دیکە جیاوازە کە لە سییەکان یاخود چلەکانی تەمەنی بێت. ئەوە سرووشتی مرۆڤە".
جۆلانی ساڵی 1982 لەدایکبووە، کەسێکی شەڕکەری جیهادییە، دوای کۆنترۆڵکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، کە ئەوکات تەمەنی تەنیا 21 ساڵ بوو، دەستی بە شەڕکردن کردووە و بە "شەڕکردنی دژی کوفر" ناوی بردووە.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا، جۆلانی چووە سووریا و لەنێو بەرەی نوسرە وەکو بەشێک لە رێکخراوی قاعیدە کاری کرد، لە 2017ـشەوە لە رێکخراوی قاعیدە جیا بووەتەوە و سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام دەکات.
هەرچەندە دەستەی تەحریری شام دەیەوێت پێشینەی خۆی پاک بکاتەوە و خۆی لە گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە بەدوور بگرێت، بەڵام هێشتا لەلایەن ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا و رووسیاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە.
جۆلانی لە چاوپێکەوتنەکەی رۆژی پێنجشەممەی لەگەڵ میدیا ئەمریکییەکە، لە قسەکانیدا بەراورد بە چاوپێکەوتنەکەی ساڵی 2013ـی گۆڕانکاری گەورە دەبینرێت، کە ئەوکاتە بە رووخسارێکی سێبەر لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەڕی قسەی کرد و باسی لە پێشخستنی رێکخراوی قاعیدە دەکرد.
'حوکمی دامەزراوە دروست دەکەین'
لەکاتێکدا کە دەستەی تەحریری شام پەرە بە فراوانخوازییەکەی دەدات، جۆلانی لەگەڵ میدیا ئەمریکییەکە دڵنیایی دەدات لەوەی هاووڵاتییان نابێت ترسییان لە دەسەڵاتی تەحریری شام هەبێت: "ئەو کەسانەی کە لە حوکمی ئیسلامی دەترسن یان جێبەجێکردنێکی هەڵەی دەسەڵاتەکەیان بینیوە، یان لێی تێنەگەیشتوون".
جۆلانی باس لە قۆناخی دوای "رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد" دەکات و دەڵێت، "ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن شكست بە رژێمەکەی ئەسەد بهێنێت، ئەوا دەسەڵات بۆ حوکمی دامەزراوە دەگۆڕین".
هەروەها سەرۆکی هەتەشە ئاماژەی بە بنیادنانەوەی سووریا کرد و گوتی، "سووریا پێویستی بە سیستمێکی حوکمکردن هەیە کە بە دامەزراوە کرابێت، نەوەک تەنیا کەسێک حوکمی ئارەزوومەندانە بدات".
لەبارەی بوونی هێزە بیانییەکانی نێو سووریاش، جۆلانی ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت هێزە بیانییەکان سووریا بەجێبهێڵن و گوتیشی: "پێم وایە کاتێک کە رژێم رووخا، کێشەکە چارەسەر دەبێت، هەروەها چیدیکە پێویستیمان بە هێزە بیانییەکان لە سووریا نامێنێت".
ئێستا هەریەکە لە ئەمریکا، رووسیا، تورکیا و ئێران هێز و گرووپی چەکدارییان لەنێو سووریادا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ