رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایدەگەیێنن، حکومەتی بەشار ئەسەد بە فڕۆکەی جەنگی، پردی سەرەکیی نێوان حومس و حەمای بۆردوومان کردووە، ئەوەش لەکاتێکدایە، سوپای سووریای دوای لەدەستدانی شاری حەما، پێگەی خۆی لە حومس بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام بەهێز کردووە.
رۆژی هەینی، 6ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاند، "فڕۆکە جەنگییەکان چەندین جار هێرشییان کردووە و پردی رەستانیان لەسەر رێگەی سەرەکی حومس-حەما تەقاندووەتەوە."
هەروەها سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا ئاماژەیان بەوەشکردووە، سوپاکەی ئەسەد بە چڕی بۆردوومانی رێگەی سەرەکی نێوان هەردوو شارەکە دەکات و نایەوێت چەکدارانی دەستەی تەحریری شام لێیەوە نزیک ببنەوە.
لە رۆژی 25ـی مانگی رابردووەوە، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی نزیکی هێرشیان بۆ سەر سوپای سووریا دەستپێکردووە، سەرەتا هێرشیانکردە سەر شاری حەلەب و دواتریش شاری حەمایان گرت، ئێستا بەرەو حومس لە پێشڕەویدان.
سوپای سووریا بۆ ئەوەی رێگە لە پێشڕەوییەکانی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام بگرێت، لە رێگەی سەرەکی باکووری حومس، سەنگەری لێداوە و خۆی قایم کردووە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، ترس لە پێشڕەوی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام، وایکرد رۆژی پێنجشەممە، دەیان هەزار عەلەوی شاری حومس بەجێبهێڵن.
دوێنێ شەو، چەکدارانی تەحریری شام لە گرووپی فەرمی خۆیان لە تێلێگرام، "ئازادکردنی تەواوەتی حەما"ـیان راگەیاند.
چەکدارەکان لەکاتی چوونە نێو شارەکە، دەستیان بە تەقەی خۆشی کرد. هەروەها بەشێک لە دانیشتووانی شارەکە پێشوازییان لێکردن و هەندێکیشیان تەقەیان لە وێنە و پۆستەرەکانی ئەسەد کرد.
عەلی عەباس، وەزیری بەرگریی سووریا لە راگەیێندراوێدا گوتی، کشانەوەی سوپا لە حەما، "رێکارێکی تەکنیکیی کاتی" بووە.
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا ئاماژە بەوە دەکەن، تاوەکو ئێستا لە پێکدادانەکانی سوپا و دەستەی تەحریری شام، 826 کەس کوژراون، لەنێویاندا 111 هاووڵاتی سیڤیل هەن. تاوەکو ئێستاش داتایەکی فەرمی لەبارەی گیانلەدەستدان و بریندار لەو شەڕەدا نییە.
چەکدارانی دەستەی تەحریری شام بە کۆنترۆڵکردنی شاری حەلەب گڕوتینیان پەیدا کرد، ئەو شارەی کە ئەسەد زیاتر لە دەیەیەک شەڕی نێوخۆ پاراستبووی، کۆنترۆڵیان کرد.
بەشار ئەسەدیش مووچەی سەربازەکانی بە رێژەی 50٪ زیاد کردووە، دەیەوێت لەو رێگەیەوە ورەی سوپاکەی بەرز بکاتەوە.
هەتەشە چەند کیلۆمەترێک لە حومس دوورە
دوێنێ شەو دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) کۆنترۆڵکردنی شاری تەلبیسەی لە پارێزگەی حومس راگەیاند، بەوەش تەنیا چەند کیلۆمەترێکی ماوەی بگاتە نێوەندی شاری حومس.
بەگوتەی سەرچاوە خۆجێیەکانی نێو سووریا، سوپاکەی ئەسەد لە هەریەکە لە شارەکانی سەلیمە و تەلبیسە کشاونەتەوە.
سوپای سووریا دوای کشانەوەشی، بە تانک و تۆپ چەند گەڕەکێکی تەلبیسەی بۆردوومان کردووە و زیاتر لە 200 بارهەڵگری سەربازی پڕ لە چەکی رەوانەی حومس کردووە و پێگەی خۆیان لەوێ بەهێز کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ