لە رۆژهەڵاتی سووریا سێ سەربازی ئەمریکی بریندار بوون

06-12-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی هێرشێک بۆ سەر بنکەی سەربازانی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی سووریا بە رۆکێت و هاوەن، سێ سەربازی ئەمریکی برینداربوون. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 06ی کانوونی یەکەمی 2024، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بە رۆکێت و هاوەن هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی سوپای ئەمریکا لە نزیک چەمی فورات لە رۆژهەڵاتی سووریا. 
 
هێرشەکە شەوی سێشەممە، 3ی کانوونی یەکەمی 2024 کراوە. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت: "لە ئەنجامدا سێ سەربازیان بەهۆی هێرشەکەوە تووشی هەژانی مێشک بوون." 
 
پات رایدەر بە هەڕەشەوە دەڵێت، ئەوان دوودڵ نابن بە تووندی وەڵامی ئەو هێرشانە بدەنەوە لەپێناو سەلامەتی هێزەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا. 
 
گوتەبێژی پێنتاگۆن، رایگەیاند فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم، لە لێکۆڵینەوەکانی لەو هێرشە بەردەوامە تاوەکو بزانێت کێ لە پشت ئەو هێرشەوە بووە، بەڵام رایدەر نەیشاردەوە کە لە نزیک ئەو ناوچەیەی هێرشەکەی تێدا کراوە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی تێدایە و چالاکن. 
 
ئەو هێرشەی نزیک بنکەیەکی ئەمریکا لە سووریا لە کاتێکدایە زیاتر لە هەفتەیەکە جارێکی دیکە شەڕوپێکدادانەکانی نێوخۆی سووریا دەستیان پێکردووەتەوە و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، بەتایبەت چەکدارانی تەحریر شام توانیویانە لەو ماوە کورتەدا رووبەرێکی فراوان لە باکوور و رۆژئاوای سووریا کۆنترۆڵ بکەن، لەنێویاندا هەردوو شاری ستراتیژیی حەلەب و حەما. 
 
لەبارەی ئەو رووداوانەوە، پات رایدەر دووپاتیکردەوە، "ئەمریکا هیج رۆڵێکی نییە لەوەی ئێستا لە باکووری رۆژئاوای سووریا و تەحریر شام روودەدەن."
 
لە سەرەتای جەنگی غەززە لە ئۆکۆبەری 2023وە، پێنتاگۆن رایگەیاندووە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، 125 جار لە سووریا و 79 جاریش لە عێراق هێرشیان کردووەتە سەر پێگە و سەربازانی ئەمریکی.
 
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە و ئەو هێزە پشتگیری هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن و مەشق و راهێنانیان پێ دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەسام ئیسحاق، نوێنەری مەسەدە لە واشنتن میوانی بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی رووداو بوو

نوێنەری مەسەدە لە واشنتن: ئەگەر کورد ماڵی خۆی رێکنەخات لە دیمەشق رۆڵیان لاواز دەبێت

نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن رایگەیاند، پێش هەموو شتێک دەبێت کورد ماڵی خۆی رێکبخات ئینجا بەرەو دیمەشق بچێت، بەپێچەوانەوە رۆڵیان لەوێ لاواز دەبێت.