گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵکردنی بەشێکی فراوانی سوەیدا لە باشووری سووریا رادەگەیێنن

 
رووداو دیجیتاڵ 

گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەڵێن، بەشێکی فراوانی پارێزگەی سوەیدایان لە باشووری وڵاتەکە کۆنترۆڵکردووە. 
 
چەکدارەکانی پارێزگەکە هێزێکیان بە ناوی "بەڕێوەبەریی ئۆپەراسیۆنی باشوور" پێکهێناوە دەستیان بەسەر بارەگەی پۆلیسی شاری سوەیدادا گرتووە. 
 
گرووپە چەکدارەکان هەروەها دەڵێن، دەستیان بەسەر بەندینخانەی ناوەندیی شارەکەدا گرتووە و هەموو زیندانییەکانیان ئازادکردووە. 
 
سەرچاوە خۆجێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە شەڕی ئەو گرووپە چەکدارانە دژی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی سووریا، سێ کەس کوژراون. 
 
سەرچاوەکان هەروەها باس لەوە دەکەن، پارێزگاری سوەیدا بەهۆی هێرشەکان شارەکەی جێهێشتووە. 
 
کۆنترۆڵکردنی سوەیدا وا دەکات گرووپە چەکدارەکانی دژبەری بەشار ئەسەد، لە دیمەشق نزیکتربنەوە، کە دەڵێن ئامانجیان رووخاندنی حکومەتی ئەسەدە. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە پشتیوانی لە گرووپە چەکدارەکان دەکات، ئەمڕۆ رایگەیاند: "دوای ئیدلب، حەما و حمس، بێگومان ئامانجەکە دیمەشق دەبێت،" هیواشی خواست کە پێشڕەویی گرووپە چەکدارەکان بەردەوامبێت. 
 
ئەمڕۆ کاسر قەداح، ئەندامی بەرێوەبەریی ئۆپەراسیۆنی باشوور لە دەرعا لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند: "ئەمڕۆ ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی باشوور پێکهێنرا و لیوای 52ی سوپای بەشار ئەسەد کۆنتڕۆڵکرا، دەیان تانک و چەک و تەقەمەنی دەستی بەسەرداگیرا و چەندین سەربازیش بە دیل گیران کە بەشێکیان ئەفسەر بوون."
 
 
کاسر قەداح دەڵێت، "دوای کۆنتڕۆڵکردنی لیوای 52، فڕۆکەکان لە ئاسمان دەسووڕێنەوە، بەڵام ئەمڕۆ رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ نەبووە، لە ناوچەکانی حەراک، کەرخ و ملێحا فڕۆکەکانی سوپای سووریا جاروبار بۆردوومان دەکەن."
 
لەبارەی ئامانجەکانیان لە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە لە بەشی باشووری سووریا، ئەو ئەندامەی بەرێوەبەریی ئۆپەراسیۆنی باشوور گوتی، "ئامانجی لەپێشینەی ئێمە لەو ئۆپەراسیۆنانە، تەنیا رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەدە لە بەشی باشووری وڵات و هیچ ئامانجێکمان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ نییە."
 
بە گوتەی کاسر قەداح، "ژووری ئۆپەراسیۆنی باشوور ئامانجی ئەوەیە پارێزگاکانی دەرعا، سوەیدا و قونەیتەرە بەشێوەیەکی گشتیی لە سوپای سووریا پاکبکاتەوە و کۆنترۆڵی سەربازگەکانیان بکات."
 
لە 27ی تشرینی دووەمەوە، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیاش لە لایەک، هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا دەستپێکردووە و تا ئێستا کۆنترۆڵکردنی ناوەندی شارەکانی حەلەب و حەمایان راگەیاندووە و لە پێشڕەویدان بەرەو کۆنترۆڵکردنی حومس.
 
ئەمڕۆ گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی باشووریان تایبەت بە پارێزگاکانی دەرعا، سوەیدا و قونەیتەرە پێکهێنا، لە یەکەم راگەیێندراویشدا ئاماژەیان بەوەدا، "دوای پێکهێنانی ئەم ژوورە، لە ئاسایشی باشووری وڵات دڵنیابووینەتەوە و ئامانجمان پاراستنی ئەمن و ئاسایشی بەشی باشوورە."