نەتەوە یەکگرتووەکان: لە 10 رۆژدا 370 هەزار کەس لە سووریا ئاوارەبوون

06-12-2024
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە 10 رۆژی شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا، زیاتر لە 370 هەزار کەس ئاوارەبوون و زۆربەیان ژن و منداڵن.
 
رۆژی هەینی 06-12-2024 ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "لەوکاتەوەی شەڕ و پێکدادانەکان زیادیانکردووە، لانیکەم 370 هەزار  پیاو، ژن، منداڵ، کوڕ و کچ ئاوارەبوون."
 
چەکدارانی دەستەی تەحریری شام کە دژی حکومەتی سووریان، رۆژی 25-11-2024 هێرشێکی لەناکاویان بە ئاراستەی ئەو شارانە کرد کە لە ژێر دەستی حکومەتن. رۆژی 27-11-2024 گەیشتنە شاری حەلەب و کۆنتڕۆڵیانکرد. رۆژی 06-12-2024 کۆنتڕۆڵکردنی شاری حەمایان لە باشووری حەلەب راگەیاند و دواتر شاری سوەیدایان لە باشووری سووریا گرت. گرووپەکە رایگەیاند، بەرەو شاری حمس دەڕۆن و چاویان لە دیمەشقیشە.
 
لەوکاتەوە شەڕ و پێکدادانی زۆر لە نێوان گرووپە چەکدارەکان و سوپای سووریادا هەیە، هێزە ئاسمانییەکانی رووسیاش لە چەند ناوچەیەکی کۆنتڕۆڵکراودا بۆردوومان دەکەن. ئەمە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵک و ماڵەکانی خۆیان چۆڵ دەکەن.
 
دوجاریک گوتیشی: "لەوانەی ئاوارەبوون، 100 هەزار کەسیان زیاتر لە جارێک دەربەدەر بوونە."
 
دوێنێ 05-12-2024، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "لەگەڵ سەرۆکی تورکیا، [رەجەب تەیب ئەردۆغان] قسەمکرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پێشهاتەکان. جەختم لە هاوکاریی مرۆیی دەستبەجێ و بەپەلە بۆ هەموو سڤیلە لێقەوماوەکان کردەوە، هەروەها بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پرۆسە سیاسییەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیکرد، بۆ راگرتنی ئەم خوێنڕشتنە."
 
گوتێرێز گوتی: "هەموو لایەنەکان [لە سووریا] مەرجە لەسەریان پابەندی یاسای نێودەوڵەتی بن بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل بپارێزن. دەیان هەزار سڤیل لە هەرێمێکی دەورەدراو بە ئاگر لە مەترسیدان.سووریا خاڵی بەیەکگەیشتنی شارستانییەتەکانە، جێگەی داخە شاهێدی لێکترازانی سووریاین."
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم چەند رۆژەدا، 828 کەس کوژراون کە 111ـیان سڤیلن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە شارى حمس، خۆپێشاندەرانى عەلەوى و ئەو هێزانەى خۆیان وەک پۆلیسی سووریا ناساندووە، پێکداهەڵپڕژان و بریندارى لێکەوتەوە.

عەلەوییەکانی سووریا رژانە سەر شەقامەکان و لە حمس قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا

لە چەند شارێکی سووریا، عەلەوییەکان رژانە سەر شەقامەکان و پشێویەکى نوێ رووی لە وڵاتەکە کرد، ئەو دۆخە نوێیە دەسەڵاتدارانى دەستەى تەحریر شامى ناچار کرد رێوشوێن بگرنەبەر و لە شارى حمس قەدەخەى هاتوچۆ رابگەیێنن، وەزارەتى ناخۆى حکومەتى راگوزەریش دەڵێت "هێرشکراوەتە سەر هێزەکانمان و کوژرا و بریندار هەبووە."