فەرماندەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ رووداو: ئامانجی ئێمە تەنیا رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەدە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی بەرێوەبەریی ئۆپەراسیۆنی باشوور لە دەرعا بە رووداوی گوت: ئەمڕۆ لیوای 52ی سوپای بەشەر ئەسەدمان کۆنترۆڵکرد، دەستیشمان بەسەر دەیان تانک، چەک و تەقەمەنی گرت، جگە لەوەی چەندین سەربازیش بە دیل گیران کە بەشێکیان ئەفسەر بوون.
 
ئەمڕۆ هەینی، 6ـی کانوونی یەکەمی 2024، کاسر قەداح، ئەندامی بەرێوەبەریی ئۆپەراسیۆنی باشوور لە دەرعا لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 07:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "ئەمڕۆ ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی باشوور پێکهێنرا و لیوای 52ی سوپای بەشار ئەسەد کۆنتڕۆڵکرا، دەیان تانک و چەک و تەقەمەنی دەستی بەسەرداگیرا و چەندین سەربازیش بە دیل گیران کە بەشێکیان ئەفسەر بوون."
 
کاسر قەداح دەڵێت، "دوای کۆنتڕۆڵکردنی لیوای 52، فڕۆکەکان لە ئاسمان دەسووڕێنەوە، بەڵام ئەمڕۆ رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ نەبووە، لە ناوچەکانی حەراک، کەرخ و ملێحا فڕۆکەکانی سوپای سووریا جاروبار بۆردوومان دەکەن."
 
لەبارەی ئامانجەکانیان لە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە لە بەشی باشووری سووریا، ئەو ئەندامەی بەرێوەبەریی ئۆپەراسیۆنی باشوور گوتی، "ئامانجی لەپێشینەی ئێمە لەو ئۆپەراسیۆنانە، تەنیا رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەدە لە بەشی باشووری وڵات و هیچ ئامانجێکمان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ نییە."
 
بە گوتەی کاسر قەداح، "ژووری ئۆپەراسیۆنی باشوور ئامانجی ئەوەیە پارێزگاکانی دەرعا، سوەیدا و قونەیتەرە بەشێوەیەکی گشتیی لە سوپای سووریا پاکبکاتەوە و کۆنترۆڵی سەربازگەکانیان بکات."
 
دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیاش لە لایەک، هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا دەستپێکردووە و تا ئێستا کۆنترۆڵکردنی ناوەندی شارەکانی حەلەب و حەمایان راگەیاندووە و لە پێشڕەویدان بەرەو کۆنترۆڵکردنی حومس.
 
ئەمڕۆ گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی باشووریان تایبەت بە پارێزگاکانی دەرعا، سوەیدا و قونەیتەرە پێکهێنا، لە یەکەم راگەیێندراویشدا ئاماژەیان بەوەدا، "دوای پێکهێنانی ئەم ژوورە، لە ئاسایشی باشووری وڵات دڵنیابووینەتەوە و ئامانجمان پاراستنی ئەمن و ئاسایشی بەشی باشوورە."