سەرچاوە خۆجێییەکان: دەستەی تەحریری شام لە حومس نزیک بووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایدەگەیێنن، دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی نزیکی هەردوو شارۆچەکەی راستان و تەلبیسەیان کۆنترۆل کردووە و ئێستا تەنیا پێنج کیلۆمەتر لە پارێزگای حومس دوورن.
رۆژی هەینی، 6ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا رایانگەیاند: "دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی هاوپەیمانی بە دووری پێنج کیلۆمەتر لە دەورووبەری حومسن."
حومس دەکەوێتە باشووری پارێزگای حەما. دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی هاوپەیمانی رۆژی پێنجشەممە، کۆنتڕۆلکردنی حەمایان راگەیاند.
حەسەن عەبدولغەنی، یەکێکە لە فەرماندەکانی دەستەی تەحریری شام و لە گرووپی تێلیگرامی تایبەت بە دەستەکە نووسیویەتی، "هێزەکانمان لە پێشڕەویی بەرەو شاری حومس لە بەردەوامن."
ئەو سەرکردەیەی تەحریری شام گوتیشی، "سەتان" چەکدار کە چەند ساڵێک لەمەوبەر ناچاربوون شارەکە بەجێبهێڵن، ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ ئەوەی "دەستدرێژییەکانی ئەسەد بۆ سەر شارەکە بوەستێنن".
سوپای سووریاش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان، لەنێویاندا رووسیا، "پێگەی تیرۆریستان و ئۆتۆمبێلەکانیان" لە حەما دەکەینە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای سووریادا هاتووە: "هێزە چەکدارەکانمان ئێستا لە باکوور و باشووری حەما بە تانک، تۆپ، مووشەک و فڕۆکە جەنگییەکانی سووریا و رووسیا تیرۆریستان دەکەنە ئامانج."
لە دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2011، کە لە سووریا دژ بە ئەسەد دەستییان پێکرد، حمس بە "پایتەختی شۆڕشگێڕی" ناوی دەرکرد، ئەوەش بەهۆی ئەو شەپۆلە فراوانەی ناڕەزایەتییەکان کە لەو شارە لە دژی حکومەت دەستیپێکرد.
"280 هەزار کەس دەربەدەر بوون"
بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، لەم چەند رۆژەی دواییدا کە ئاڵۆزییەکانی سووریا دەستیانپێکردووەتەوە، نزیکەی 280 هەزار کەس بەوهۆیەوە ئاوارە و دەربەدەر بوون و هۆشداریشی دا لەوەی دەکرێت ژمارەکە بگاتە 1.5 ملیۆن کەس.
سەمیر عەبدولجەبار، هاوئاهەنگیکاری فریاگوزاری لە پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە جنێف رایگەیاند: "ئەو ژمارەیەی کە ئێستا لەبەردەسەتە ئەوە دەردەخات کە لە 27ـی نۆڤەمبەرەوە 280 هەزار کەس ئاوارە بوون".
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا ئاماژە بەوە دەکەن، تاوەکو ئێستا لە پێکدادانەکانی سوپا و دەستەی تەحریری شام، 826 کەس کوژراون، لەنێویاندا 111 هاووڵاتی سیڤیل هەن.
لە رۆژی 25ـی مانگی مانگی رابردووەوە، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی نزیکی هێرشیان بۆ سەر سوپای سووریا دەستپێکردووە، سەرەتا هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب و دواتریش شاری حەمایان گرت، ئێستا بەرەو حومس لەپێشڕەویدان.
سوپای سووریا بۆ ئەوەی رێگە لە پێشڕەوییەکانی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام بگرێت، لە رێگەی سەرەکی باکووری حومس، سەنگەرییان لێداوە و خۆیان قایم کردووە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، ترس لە پێشڕەوی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام، وایکرد، رۆژی پێنجشەممە، دەیان هەزار عەلەوی شاری حومس بەجێبهێڵن.