کاردانەوەی وڵاتانی دراوسێ بەرامبەر بە پێشهاتە نێوخۆییەکانی سووریا

06-12-2024
سیروان عەباس
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نۆ رۆژە شەڕ و ئاڵۆزیی نێوخۆیی بەرۆکی سووریای گرتووە، گرووپەکانی دەستەی تەحریری شام لە 27ی تشرینی دووەمی2024ـەوە، هێرشیان کردە سەر حەلەب و دەوروبەری و گرتیان، دواتر شاری حەماشیان گرت. ئەم رووداوانە بێ کاریگەریی نەبووە لەسەر وڵاتانی دراوسێی سووریا (عێراق، تورکیا، لوبنان، ئیسرائیل و ئوردن). 
 
ئەو وڵاتانە ترسی ئەوەیان هەیە پریشکی ئاگرەکەی سووریا بپەڕێتەوە وڵاتەکەیان، چونکە شەڕ و ئاڵۆزییەکە لەنێوان چەند گرووپێکی جیاوازن کە بەشی زۆریان نافەرمین و هەندێکیشیان لەلایەن هێز و وڵاتی دەرەکییەوە پاڵپشتیی دەکرێن.
 
لوبنان و ئوردن سنووریان داخست
 
ئەمڕۆ هەینی، 6.12.2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بۆ ئاسایشی گشتی لوبنان رایگەیاند، دەروازە سنوورییە وشکانییەکانی لەگەڵ سووریا لە ناوچەکانی باکوور تاوەکو کاتێکی نادیار داخستووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، داخستنی ئەو دەروازانە لەبەر بۆردوومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیلە لەو سنوورە و لە پێناو پاراستنی گیانی گەشتیارانە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوە هاتووە، کە دەروازەیەک بە ناوی (مەسنەع) بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران و هاووڵاتیانی سووریا.
 
هاوکات مازن عەبدوڵڵا فەرایە، وەزیری ناوخۆی ئوردن رایگەیاند، لەبەر بارودۆخی ئەمنیی لە سنوورەکانی باشووری سووریا، دەروازەی سنووریی جابریان لەگەڵ سووریا داخستووە کە لەودیو بە نەسیب ناسراوە.
 
لە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی ئورن دا هاتووە، رێگە بە گەڕانەوەی هاووڵاتی و بارهەڵگرەکانی ئوردن دەدرێت، بەڵام رێگە نادرێت بە کەس بچێتە خاکی سووریا.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئوردن بە وردی چاودێریی پێشهاتەکانی سووریا دەکات و هێزە چەکدارەکان سنووریان کۆنترۆڵکردووە.
 
ئێران: ئامادەین بە هەموو جۆرێک پشتیوانی لە خەڵک و سوپای سووریا بکەین
 
ئەمڕۆ هەینی 06-11-2024 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و بەسام سەباخ، وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای سووریا لە بەغدان.
 
ئێران بە دۆستی هەمیشەیی بەشار ئەسەد دادەنرێت و بەردەوام پاڵپشتیی لە مانەوەی کردوو.
 
عەباس عێراقچی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند: ''گفتوگۆیەکی زۆرباشمان هەبوو لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سووریا و جەختمان لەوە کردەوە دەبێت لەوبارەوە گفتوگۆی زیاتر لە نێوان ئێران و عێراقدا هەبێت.''
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی، لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبن لە راوێژ و گفتوگۆکردن بۆ پرسی ئاڵۆزییەکانی سووریا. ''ئێمە خوازیاری راوێژکردن و هاوئاهەنگین [لەگەڵ عێراق] بۆ هاوکاریکردنی حکومەت و گەلی سووریا.''
 
عەباس عێراقچی، هەڵوێستی بەرپرسانی عێراقی بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی سووریا بە ''زۆرباش'' ناوبرد و گوتی: ''بە تەواوی ئامادەین بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی حکومەت، خەڵک و سووپای سووریا، بەو رادەیەی کە داوامان لێ بکرێت.''
 
حەشدی شەعبیی عێراق: دۆخەکە وا دەخوازێت ئامادەکاری بکەین
 
ئەمڕۆ هەینی، فالح فەییاز، سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی عێراق رایگەیاند: "ئەوەى لە ناوچەکە روودەدات ئەگەر هەیە کاریگەرى لەسەر ئەو سەقامگیرییە هەبێت کە تێیداین و وا دەخوازێت ئامادەکارى بکەین، دەبێت بەرژەوەندى و دڵەڕاوکێکان تاوتوێ بکەین و لە سرووشتى ئەو رووداوانە بڕوانین بەتایبەت ئەوەى لە سووریا دەگوزەرێت".
 
فالح فەییاز گوتى: "هەڵوێستمان دەربارەى قەیرانى سووریا ئەوەیە کە رووداوێکى ناوخۆییە، کاتێک لە نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆندا روودەدات، عێراق پەیوەندى بەوەوە نییە، بەڵام کاتێک پرسەکە گرووپى تیرۆرستى بێت و مێژووى نزیک یاد دەکەینەوە نەوەک مێژووى کۆن، ئەوەى کە لەو وڵاتەوە بۆمان هات کاتێک داعش هێرشى کردە سەر عێراق لە رێگەى دەروازەى موسڵەوە".
 
حەیدەر عەبادی: ئەگەر شەڕمان بەسەردا بسەپێندرێت ئێمە پیاوی شەڕین
 
ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسری عێراقی، پەیامێکی لەبارەی دۆخی سووریا و مەترسییەکانی بۆ سەر عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەگەر شەڕمان بەسەردا بسەپێندرێت، ئەوا ئێمە پیاوی شەڕین، بەڵام بە موزایەدە و سەرکێشی شەڕ ناکڕین، ئەوانەی خەریکی هوتافی موزایەدەن پێویستە بێدەنگ بن."
 
حەیدەر عەبادی دەڵێت، "عێراقییەکان سەلماندوویانە کە لە رووبەڕووبوونەوەکان ناترسن؛ بەتایبەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کە ئێمە سەرمان پان کردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوانەی بەرپرسیارن لە بەڕێوەبردنی وڵات بەرپرسیارێتی سەرکردایەتیی لە ئەستۆ بگرن، دەبێت کاری لەپێشینەیان بەڕێوەبردنی ژیرانەی قەیرانەکان و رزگارکردنی وڵات بێت لە سەرکێشیی و حیساباتی هەڵە."
 
لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر ئاماژە بەوە دەکات، "ناوچەکەمان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان دەکوڵێت، رزگارکردنی عێراق لە کارەساتەکان بە سەرکردایەتیی بوێرانە و هەڵوێستی حەکیمانە دەکرێت، چونکە ئەم ساتە وەختە مێژووییە ئەو کارەی پێویستە."
 
عەبادی دەڵێ: "ئەگەر شەڕمان بەسەردا سەپێندرا ئەوا ئێمە پیاوی شەڕین لەپێناو پارێزگاری کردن لە عێراق، عێراق لە سەروو هەموو شتێکەوەیە و دەبێت هەوڵمان بۆ پاراستنی خاک، گەل، بەرژەوەندیی و سەروەریی وڵاتمان بێت."
 
ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری رووخانی بەشار ئەسەد ئامادە دەکات
 
دوای گرتنی پارێزگاکانی حەلەب و حەما، ئێستا دەستەی تەحریری شام نزیکە لە گرتنی ناوەندی پارێزگای حومس، دوای ئەوە راستەوخۆ دیمەشقی پایتەخت دێت، بۆیە هیچ جارێک هێندەی ئێستا، حکومەتی بەشار ئەسەد لە مەترسیدا نەبووە.
ئیسرائیلی دراوسێی سووریا و نەیاری سەرسەختی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی لە سووریا، ترسی لە بەهێزبوونی هەژموونی ئێران و حیزبوڵڵا هەیە، بۆیە رۆژانە سنوورەکان بۆردوومان دەکات و رێگە بەوە نادا هیچ هێزێکی نەیاری لەو ناوچانە (بەتایبەتی سنووری بەرزاییەکانی گۆلان) جێگیر ببن.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "رێگە بە هیچ هەڕەشەیەک نادەین لە سنوور."
 
ئەمڕۆ، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ سەرۆکی دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە خێراکانی سووریا، بەتایبەتی دوای گرتنی شاری حەما لەلایەن دەستەی تەحریری شامەوە. 
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرس و فەرماندە باڵاکانی سوپاسی بەرگریی ئیسرائیل، لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا بووە."
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێ: لەسەر سنوور [ی سووریا] بڵاوەیان بە هێزەکانیان کردووە بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە و هێزەکانیان لە زەوی و ئاسمانەوە تۆکمەتر کردووە.
 
سوپای ئیسرائیل جەخت لەوە دەکاتەوە، کە خۆیان بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادە کردووە، چ هێرش بێت یان بەرگری، هەروەها کار دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کە بکرێتە سەر دەوڵەتی ئیسرائیل.
 
ئەردۆغان: هیوادارین بەبێ هیچ زیانێک ئەم پێشڕەوییانە لە سووریا بەردەوام بێت
 
تورکیا، یەکێکە لە دراوسێ کاریگەرەکانی سووریا، کەوتووەتە باکووری ئەو وڵاتە و لە دوای شەڕ و ئاڵۆزییە نێوخۆییەکانی سووریا لە ساڵی 2011، بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە دەستوەردان لەو وڵاتە دەکات و پاڵپشتی چەندین گرووپی چەکداری ئۆپۆزیسیۆن دەکات.
لە ساڵانی رابردوودا بە ئێستاشەوە، گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتیی کراون و لە بەرژەوەندی خۆی بەکاری هێناون.
 
ئەمڕۆ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نوێژی بەکۆمەڵی هەینیی لە مزگەوتی حەزرەتی عەلی لە ئیستەنبووڵ کرد و دواتر قسەی بۆ میدیا کرد.
 
گوتی، هێشتا وەڵامێکی ئەرێنی لە بەشار ئەسەدەوە پێنەگەیشتووە، دوای ئەوەی سەرەتای ئەم ساڵ داوای دیدار و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لێکرد.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی سووریا، ئەردۆغان رایگەیاند: "ئامانجەکە دوای ئیدلب، حەما، حومس و بێگومان دیمەشقە. تائێستا ئەم پێشڕەوییەی ئۆپۆزسیۆن بەردەوامە. ئێمەش لە رووی هەواڵگری و هەموو میدیاکانەوە چاودێریی دەکەین. بێگومان دەڵێم 'هیوادارین بەبێ هیچ زیانێک ئەم پێشڕەوییانە لە سووریا بەردەوام بن'."
 
ئەردۆغان گوتیشی: "ئەگەر بیرتان بێت؛ ئێمەش بانگەوازێکمان بۆ ئەسەد هەبوو. گوتمان 'وەرە با بەیەکەوە داهاتووی سووریا دیاری بکەین'. بە داخەوە وەڵامێکی ئەرێنییمان لە ئەسەد وەرنەگرت. ئێستا لە دوای ئیدلب کە تەواو کۆنترۆڵکراوە، حەما و حومس سەرلەنوێ لە دەستی ئۆپۆزسیۆندایە و بەرەو دیمەشق پێشڕەوی هەیە. هەموو ئەوەی لە ناوچەکە بەردەوامە، ئەم پێشهاتە کێشەدارانە بەو شێوەیە نییە کە ئارەزووی دەکەین، دڵمان ئەمانە ناخوازێت. بەداخەوە ناوچەکە لە کێشەدایە."
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە شارى حمس، خۆپێشاندەرانى عەلەوى و ئەو هێزانەى خۆیان وەک پۆلیسی سووریا ناساندووە، پێکداهەڵپڕژان و بریندارى لێکەوتەوە.

عەلەوییەکانی سووریا رژانە سەر شەقامەکان و لە حمس قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا

لە چەند شارێکی سووریا، عەلەوییەکان رژانە سەر شەقامەکان و پشێویەکى نوێ رووی لە وڵاتەکە کرد، ئەو دۆخە نوێیە دەسەڵاتدارانى دەستەى تەحریر شامى ناچار کرد رێوشوێن بگرنەبەر و لە شارى حمس قەدەخەى هاتوچۆ رابگەیێنن، وەزارەتى ناخۆى حکومەتى راگوزەریش دەڵێت "هێرشکراوەتە سەر هێزەکانمان و کوژرا و بریندار هەبووە."