سووریا: ئیسرائیل هێرشی کردە سەر پێگە سەربازییەکانمان

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت، ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سەربازی لە نێوەڕاستی سووریا بۆردوومان کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
 
شەوی یەکشەممە 06-10-2024 وەزارەتی بەرگریی سووریا بڵاویکردەوە، "دەوروبەری کاژێر 8:00ـی شەو، ئیسرائیلی دوژمن هێرشێکی لە باکووری لوبنانەوە کرد و چەند پێگەیەکی سەربازیی نێوەڕاستی سووریای کردە ئامانج. هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو". 
 
پێش ئەو راگەیێندراوە، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، بەرگریی ئاسمانیی سووریا بەرپەرچی چەند هێرشێکی لە نێوەڕاستی سووریا دایەوە. 
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، ئیسرائیل لە هێرشەکەدا "کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنی لە باشووری شاری حمس و کۆگەیەکی رۆکێتی لە رۆژهەڵاتی شاری حەما کردوەتە ئامانج". 
 
سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکان، "کۆگەکان سەر بە سوپای سووریا بوون"؛ ئاماژە بەوەش دەکەن، هەر ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر چەند بارهەڵگرێک کە هاوکارییان بۆ لوبنان دەگواستەوە و لە ئەنجامدا 3 کەس برینداربوون. 
 
جەنگی نێوخۆی سووریا لە 2011 هەڵگیرسا و لەو کاتەوە ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر وڵاتەکە و زیاتر پێگە سەربازییەکان و چەکدارانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانی کردووەتە ئامانج.