نەتەوە یەکگرتووەکان 51 بارهەڵگر هاوکاری دەنێرێتە ئیدلب

06-10-2021
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان 51 بارهەڵگر کۆمەک و یارمەتیی مرۆیی رەوانەی پارێزگای ئیدلب و چەند ناوچەیەکی باکووری رۆژئاوای سووریا کرد.
 
کاروانی بارهەڵگرەکان لە رێگەی دەروازی سنووریی جیلڤه‌گۆزو لە پارێزگای هاتای باشووری تورکیاوە چوونە نێو خاکی سووریا.
 
بەپێی پلانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوکارییەکان زیاتر بەسەر کەسانی هەژار و کەمدەرامەتی پارێزگای ئیدلب دابەشدەکرێن، دواتر بۆ گوندەکانی باکووری رۆژئاوای سووریاش دەنێردرێن.
 
رۆژی سێشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2021 عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی دوای کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبردن و بڕیاری پارتەکەی رایگەیاند کە تورکیا لەگەڵ سەقامگیربوونی ئاشتیە لە ناوچەکەدا و ئەگەر پشێوی لە ئیدلب رووبدات، لێشاوێکی دیکەی کۆچ بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
 
لە کۆتایی مانگی ئەیلوول، سەرۆککۆماری تورکیا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەبارەی رەوشی ئیدلب و چەند تەوەرێکی دیکە کۆبوونەوە. لەبارەی رەوشی ئیدلب، ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ تورکیا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پێکەوە لەگەڵ پووتین "جەختمان لەوە کردەوە کە دەبێت لەو بوارەدا هەنگاو بنێین و چارەسەرێکی هەمیشەیی، کۆتایی و ماوەدرێژ بەدەستبهێنین".
 
پێش کۆبوونەوەکە رووسیا بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بۆردوومانەکانی لە باکووری رۆژئاوای سووریا زیادکردبوو؛ رۆژی یەکشەممە 26-09-2021 فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا ناوچەیەکیان لە نزیک شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا و بەو هۆیەوە 11 چەکداری هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا کوژران.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە