خاچی سوور: خۆکوشتن لە رۆژئاوای باکووری سووریا زیادیکردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
نوێترین داتاکانی خاچی سووری نێودەوڵەتی دەریدەخەن، کە لە باکووری رۆژئاوای سووریا رێژەی خۆکوشتن زیادیکردووە.
 
خاچی سووری نێودەوڵەتی داتاکانی لە رێگەی راپرسییەوە کۆکردوونەتەوە کە تێیدا دەرکەوتووە، 93٪ی خەڵکی باکووری رۆژئاوای سووریا پێیانوایە رێژەی خۆکوشتن لەو ناوچەیە زیادیکردووە، بە تایبەتیش دوای ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆر لە کۆتایی ساڵی 2019 تاوەکو سەرەتای ساڵی 2020.
 
٪78ی بەشداربووانی راپرسییەکەی خاچی سووری نێودەوڵەتی ئاماژەیان بەوە کردووە لە نێو کۆمەڵگەکانیاندا گوێیان لە هەبوونی رووداوی خۆکوشتن بووە. 
 
هەروەها 77٪یان پێیانوابووە زیادبوونی خۆکوشتن بەهۆی خەمۆکی و نەخۆشی دەروونییەوەیە، 63٪یان پێیانوابووە بەهۆی تووندوتیژی خێزانەوەیە، 63٪یان دەڵێن زیادبوونی خۆکوشتن بەهۆی هەژاری و نەدارییەوەیە، لە کاتێکدا 53٪ پێیانوابووە بەهۆی نەمانی هیوا بە چارەسەربوونی کێشەی سووریایە، کە ئەو دیاردە تراژیدییە زیادیکردووە. 
 
جگە لەوانە، بەشێکیان پێیانوابووە بەشوودانی کچانی منداڵ و هەرزەکار، یەکێکی دیکەیە لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی خۆکوشتن لە باکووری رۆژئاوای سووریا. 
 
پرسیار لە یەکێک لە بەشداربووانی راپرسییەکە کراوە کە ئایا بەمدواییانە گوێی لە هیچ رووداوێکی خۆکوشتن بووە، بەشداربووەکە گوتوویەتی: "پیاوێک کە سەرپەرشتیکاری خێزانێک بوو، خۆی کوشت چونکە دوای ئاوارەبوون ماڵ و حاڵ و هەموو سەروەت و سامانی لەدەستدا و نەیتوانی کارێک بۆ بەخێوکردنی خێزانەکەی بدۆزێتەوە."
 
یەکێکی دیکەیان گوتوویەتی: "من بەسەرهاتی کچێکی تەمەن شازدە ساڵان دەزانم کە ژمارەیەک منداڵی هەبوو و هاوژینەکەشی کۆچی دواییکردبوو، هیچ کەس نەبوو هاوکاری خۆی و منداڵەکانی بکات، لە ژێر گوشارێکی یەکجار گەورەدا بوو. نەیدەتوانی پێداویستیی منداڵەکانی و ژیانی خۆی دابین بکات. ئەوەش وایکرد کە مەیلی خۆکوشتنی لا دروستبێت و دەستی خۆی بە چەقۆ بڕی." 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، رۆژئاوای باکووری سووریا، کە بەشی هەرە زۆری لە ژێر دەستی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆندایە، لە رەوشێکی مرۆیی سەختدایە و هۆشداریشیداوە کە ئەگەر پڕۆژە یاسای ناردنی هاوکاری لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە لە 10ی ئەم مانگە لە ئەنجوومەنی ئاسایش درێژنەکرێتەوە، ئەوا دۆخەکە سەختر دەبێت.