هیومان رایتس وۆچ: کورد لە باکووری سووریا لە دۆخێکی سەختدایە

06-03-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

15ی ئەم مانگە، 10 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی سووریادا تێدەپەڕن کە دواتر پێی نایە شەڕێکی نێوخۆیی خوێناوییەوە. شەڕێک کە بووەتەهۆی کوژرانی زیاتر لە 500 هەزار کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی 11 ملیۆن و 500 هەزار کەس.
 
سارا کەیالی، لێکۆڵینڤان لە رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ لە سووریا باس لەو کاولکاریە دەکات کە شەڕە کە بەدوای خۆیدا هێناوە و دەڵێت: "دوای 10 ساڵ لە جەنگ، ئەمڕۆ سووریا لە کاولبوونی تەواوەتی نزیکبووەتەوە. نەخۆشخانەکان رووخێندراون، قوتابخانەکان رووخێندراون، خەڵکێکی زۆر گیانی لەدەستداوە، ئابووری داتەپیوە".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سارا کەیالی دەڵێت: "ئەگەرچی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا توانیویەتی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە زۆربەی سوورییەکان لە نێو سووریادا لە نەهامەتیدا دەژین، چ لە ناوچەکانی ژێر دەستی حکومەت بێت، یان لەو ناوچانەی کە لە ژێر دەستی گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنن."
 
لە شەڕی نێوخۆی سووریادا، شەڕڤانان سەرەڕمی تێکشاندنی داعش و گرووپە پەڕگیرەکانی دیکە بوون. زیاد لە 11 هەزار شەهیدیان داوە و زیاد لە 21 هەزار شەڕڤانیش برینداربوون. لە لایەکەوە رووبەڕووی داعش و هێرشی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سەر بە تورکیا و سوپای تورکیا و لە لایەکی دیکە رووبەڕووی گوشارەکانی بەشار ئەسەد بوونەتەوە.
 
لێکۆڵینڤانەکەی چاودێریی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، دۆخی کوردانی رۆژئاوای کوردستان بە سەختی ماوەتەوە و لەو بارەیەوە داوایەک لە ئەمریکا دەکات،"دانیشتووانی کورد لەم کاتەدا باکووری رۆژهەڵاتی سووریایان بەدەستەوەیە، بەڵام دۆخەکەیان زۆر سەختە. لە لایەکەوە تورکیا دەیەوێت وەکو گرووپێکی تیرۆریست شەڕیان لەگەڵ بکات. لە لایەکی دیکەوە، حکومەتی سووریا دەیەوێت هەموو بستێکی ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵبکاتەوە کە لەژێر دەستیدا نەماون. ئەوەی کە ئێستا پێویستە ئەوەیە کە خەڵکی ئەو ناوچانەیە بپارێزرێن و دۆخی مرۆیی بەردەوام خراپتر نەبێت. لێرە، پێویستە ئەمریکا، وەکو هاوپەیمانێکی کوردەکان، بە رۆڵی گرنگی خۆی هەستێت."
 
دوای 10 ساڵ لەجەنگ، هێشتا چارەسەرێک بۆ قەیرانی سووریا نەدۆزراوەتەوە. گفتوگۆکانی نووسینەوەی دەستووری نوێ لەنێوان حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتوون. دۆخی مرۆیی سووریا بەهۆی سزاکان و قەیرانی ئابوورییەوە بەردەوام روو لە خراپبوونە.
 
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، 13 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە و ئەگەر لە ماوەیەکی نزیکدا کۆتایی بە ململانێکان نە‌هێنرێت، ئەوا کارەساتی مرۆیی روودەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە