وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سووریا لەگەڵ ئەورووپییەکان کۆدەبێتەوە

دوێنێ کاژێر 09:09
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە لە رۆما لەگەڵ هاوتا ئەورووپییەکانی لەبارەی سووریا کۆدەبێتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە رۆژئاوا هەوڵدەدات پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریادا دروستبکات.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە ئەمڕۆ (دووشەممە) بڵاوکرایەوە، بلینکن "لەگەڵ هاوتا ئەورووپییەکانی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی داکۆکی لە گواستنەوەیەکی ئاشتیانەی سیای و فرەلایەن بەسەرکردایەتی و خاوەندارێتیی سوورییەکان بکات."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا روونی نەکردووەتەوە کێن ئەوانەی لە کۆبوونەوەکە دا لەگەڵ بلینکن بەشداردەبن. 
 
بلینکن ئێستا لە کۆریای باشوورە، دواتر دەچێتە ژاپۆن و فەرەنسا، پاشان لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەچێتە رۆما. 
 
دوای 13 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ، هێزە ئیسلامییەکان مانگی رابردوو لە هێرشێکی خێرادا کۆتاییان بە رژێمی ئەسەد هێنا. 
 
وڵاتە رۆژئاواییەکان لەو کاتەوە بە وریاییەوە هیوایان بە سەقامگیریی زیاتر لە سووریادا دەربڕیوە، دەیەیەک دوای ئەوەی شەڕەکە قەیرانێکی گەورەی پەنابەرانی دروستکرد کە سیاسەتی ئەورووپای هەژاند.
 
وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا رۆژی هەینی سەردانی دیمەشقیان کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سووریا کۆبوونەوە.
 
باربارا لیف، دیپلۆماتی باڵای ئەمریکا مانگی رابردوو چاوی بە شەرع کەوت و رایگەیاند، ئەمریکا ئەو خەڵاتە هەڵدەوەشێنێتەوە کە بۆ دەستگیرکردن یان کوشتنی شەرع داینابوو. 
 
هەروەها پێشوازی لە "پەیامە ئەرێنییەکان"ـی کرد، لەوانەش پاراستنی پێکهاتەکان و گوتی، بەڵێنی داوە سووریا نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، لەکاتێکدا ئیسرائیل بۆردوومانی شوێنە سەربازییەکانی سووریا دەکات.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماڵەکەی مام جەلال لە دیمەشق، وێنە: سەرتیپ جەوهەر - تایبەت بە رووداو

وەزارەتی دەرەوەی عێراق: بە سووریامان گوتووە ماڵی مام جەلال خۆیان شوقەکەی دیمەشقیان کڕیوە

چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە هێرش کراوەتە سەر ماڵی مام جەلال، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە دیمەشق. بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، کلیلی ماڵەکە لەلایەن هێزەکانی سووریاوە براوە و وایان زانیوە رژێمی پێشووی سووریا داویەتی بە مام جەلال